"قەزای داقوق"
نارنجۆکێک لە نزیک مەرقەدی ئیمام زەینولعابدین تەقییەوە
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
درەنگانی شەوی رابردوو لەلایەن کەسانی نەناسراووە نارنجۆکێک هەڵدرایە نێو خانوویەکی هەیکەل لەنزیک مەرقەدی ئیمام زەینولعابدین و تەقیییەوەو هیچ زیانێکی لێ نەکەوتەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ناو هێزەکانی هەواڵگریی قەزای داقوق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە 964ـی وت، “کاتژمیر 1:00ـی شەوی رابردوو، دەنگێکی بەهێز لە نزیک مەرقەدی ئیمام زەینولعابدین بیسترا، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان، دەرکەوت کە لەلایەن کەسانی نەناسراووە نارنجۆکێک فڕێ دراوەتەوە ناو خانوویەکی هەیکەل لە ناو زەوییەکی کشتوکاڵی، کە دەکەوێتە پشت مەرقەدی ئیمام زەینولعابدین و تەقیوەتەوە، خۆشبەختانەش هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدواوە نەبووە.
وتیشی، هەرچەندە گومان دەکرێت کەسێک نارنجۆکەکەی راکێشابێت و پێی کۆنتڕۆڵ نەکرابێت و بە ناچاری فڕێی دابێتە ئەو شوێنە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا لە لێکۆڵینەوەدان و دەستکراوە بە پشکنینی سەرجەم کامێراکانی چاودێریی دەوروبەرەکە، بۆ ئەوەی بگەنە سەرەداوێک و دۆزینەوەی ئەو کەسەی نارنجۆکەکەی فڕێداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا