وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى:

دواخستنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم کاریگەری نەرێنى كردووەتە سەر بازاڕى کار

محەمەد فاتیح

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، هێرشى چەكدارانی داعش و هاتنى ژمارەیەکى زۆر لە ئاوارە و پەنابەران لە دەرەوەى هەرێم و وڵاتانى دەوروبەر، لەگەڵ بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان و دواخستنى موچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتى لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە، کاریگەرییەکی نەرێنى كردووەتە سەر بازاڕى کار لە هەرێمی كوردستان، ئەمانە قسەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستانە.

كوێستان محەمەد لە پانێڵی  سیاسەتی بەکارخستن لە هەرێمی کوردستاندا باسی لەوەش كرد، ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی لاوازکردنى پرۆسەى بەکارخستن و زیادبوونى رێژەى بێکارى و ئاستى هەژارى لە هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت، چارەسەرکردنى ئەم رەوشە، پێویستى بە هەماهەنگى و پێکەوە کارکردنى هەمەلایەنەیە، بۆ دانانى سیاسەتێکى نیشتمانیى بەکارخستن، کە یەکێکە لە چوارچێوە هەرە گرنگەکانى سیاسەتى پەرەپێدانى وڵات لە هەموو جیهاندا.

ئامانجى سەرەکى داڕشتنى سیاسەتى بەکارخستن:

-گەشەسەندنێکى ئابوورى- کۆمەڵایەتى هاوتەریب لەهەموو کەرتە جیاوازەکانى بازارى کار و لە هەموو دەڤەرەکانى کوردستان.

-دابینکردنى دەرفەتى کار، بە پلاندانان و دەستنیشانکردنى چەندایەتى و جۆرێتى پێداویستییەکان.

-دروستکردن و ئامادەکردنى هێزى کار، بە راهێنانى کرێکار و کارمەندان لەسەر نوێترین ئامرازەکانى بەرهەمهێنان و دۆزینەوەى بوارە جیاوازەکانى فرە بەرهەمى، لە رووى جۆر و چەنداتییەوە.

-رێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى کار، لە رێگەى یاسا و رێسا و دانوستاندنە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

-ئەم سیاسەتە دەبێتە سەکۆیەکى ئازاد بۆ هەڵبژاردنى کار، بۆ هەرکەسێک بتوانێت و بە دواى دەرفەتى کاردا بگەرێت.