پەردە لەسەر تەلارسازی کۆن و پێشکەوتوو هەڵدەماڵێ
شوێنەوارێکی مێژوویی لە سۆران دۆزراوەتەوە لە جیهاندا وێنەی نەبووە
ئاکام غەفوور – سۆران
شوێنەوارێکی مێژوویی لە سۆران دۆزراوەتەوە کە لە جیهاندا وێنەی نەبووە و پەردە لەسەر تەلارسازی کۆن و پێشکەوتوو لە کوردستان هەڵدەماڵێ.
لە گردی بانەهێڵکی شاری سۆران بنمیچ و سەقفی خانوو دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
عەبدولوەهاب سلێمان بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری سۆران بە 964ـی وت، “یەکەمجارە لە جیهاندا بەڵگەیەکی شوێنەواریی لەم شێوەیە دەدۆزرێتەوە، ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ سۆران و کوردستان، ئەم شوێنەوارە پێمان دەڵێت، کە لەو کاتەدا بیناسازی لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوودا بووە لە کوردستان.”
وەک باسی دەکات، بنمیچ و سەقفی خانوەکان بە جۆرێک بووە کە دار و قامیش و قوڕ بەکارهاتووە بۆ دروستکردنی.
گردی بانەهێڵک لە سەنتەری سۆرانە، پێشتر چەندین پارچەی شوێنەواری گرنگی لێ دۆزراوەتەوە، بە ناوەندی سەرەتای کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دادەنرێت لە ناوچەکە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری