هەر مسقاڵێك زێڕ دە هەزار دینار گران بووە

964+
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی كوردستاندا گران بووە، هەر مسقاڵێك زێڕ دە هەزار دیناری چووەتە سەر، له‌ بۆرسه‌ی جیهانییشدا نرخی دۆلار دابه‌زیوه‌.

لە بۆرسە جیهانییەكاندا، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێ، نرخی دۆلار سێ سەنت دابەزیوە، ئەمەش كاریگەریی كردووەتە سەر نرخی زێڕ و لە %1 نرخەكەی بەرزكردووەتەوە.
هەندرێن وەرتێ، وتەبێژی سەندیكای زێرینگەرانی كوردستان بە 964+ـی راگەیاند، نرخی زێر لە هەرێمی كوردستاندا وەك  هەموو وڵاتانی جیهان بەرزبووەتەوه‌، لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا هەر مسقاڵێك زێر دە هەزار دینار بەرزبووەته‌وه‌،

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 450 هەزار دینارە، كە پێشتر بە 440 هەزار دینار بوو.
یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 22 بە 415 هەزار دینارە،  كە پێشتر بە 405 هەزار دینار بوو

هه‌روه‌ها یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 400 هەزار دینارە، كە پێشتر بە 390 هەزار دینار بوو.

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 340 هەزار دینارە، كە پێشتر بە 330 هەزار دینار بوو.


 بەقسەی هەندرێن وەرتێ، نرخی دۆلار لە جیهاندا دابەزیوە، بۆیە نرخی زێڕ بەرز بووەتەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا بە پێچەوانەی جیهانەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار نرخی زێڕیش بەرزبووەتەوە.

لێمان پرسی بۆچی بازاڕی كوردستان بە پێچەوانەی بازاڕەكانی جیهانەوەیە و بەرزبونەوی نرخی دۆلار نرخی زێڕیشی بەرزكردەوە؟

 هەندرێن وەرتێ دەڵێت،” دۆلار لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراقدا جێگیر نییە، بەرزی و نزمیی زۆر دەكات، هەرچەندە ئەگەر هاوڵاتی بە دۆلار زێر بكرێت زیانێكی ئەوتۆی نییە، بەڵام لێره‌ بە دیناری عێراقی مامەڵە لەگەڵ زێردا دەكرێت.

هەندرێن وەرتێ، وتەبێژی سەندیكای زێرینگەرانی كوردستان

گۆرانكاری لە نرخی زێر و دراو لە بازاڕەكانی جیهاندا لە گۆڕانكاریدایە، ئه‌مه‌ش بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان چین و رووسیا و ئەمریكاوەیه‌