لە ناحیەی شەمامک
پڕۆژەی رووناکی کارەکانی فەرمانگەی کاری نیشتمانی راگرتووە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بەشێک لە ناوچەکان بووەتە رەحمەت، بەڵام کارەکانی فەرمانگەی کاری نیشتمانی ناحیەی شەمامکی وەستاندووە و هاوڵاتییانی گرفتار کردووە و پڕۆژەکەش دەڵێت، “بە یەک هەفتە کارەکان تەواو دەبێت”.
پرۆژەی رووناكی تازە گەیشتووەتە ناحیەی شەمامك و لە قۆناغی سەرەتا یەكە كارگێریەكان پێوەرەكانیان بۆ دەبەسترێ، دواتر دەچێتە ناو گەڕەك و ماڵەكان.
هیرۆن ئەزوەر، هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە و كارتەكەی لە ناحیەی شەمامك تۆمار كراوە بە 964ـی وت، چوارشەممە سەردانم كرد بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكەم، بەڵام كارمەندەكان پێیسن وتم، كارەبا نیە و تا كارەبا چاك نەكرێت ناتوانین مامەڵەكانتان بدەینەوە و رۆژی پێنج شەممە دووبارە پرسیارم كردەوە،وتیان هێشتا چاك نەبووە.”
عەقید مەغدید ئەحمەد، بەڕێوبەری فەرمانگەی كارتی نیشتمانی شەمامك بۆ 964 وتی، ”ئامێرەكانمان هەموویان پەیوەستن بە سیستمی كارەباوە و هیچ لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، گەر كارەبا نەبێت ناتوانین مامەڵەكان راپەڕێنین، بەڵام هاوڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە لەگەڵ هاتنەوەی كارەبا راستەوخۆ كارەكان جێبەجێ دەكەین.”
964 بۆ سۆراغی وادەی چارەسەر کردنی گرفتەکە پەیوەندی بە هێڵی پەیوەندی پرۆژەی رووناكییەوە کرد و ئەوان پێیان راگەیاندین، ”بەستنی پێوەر ماوەی هەفتەیەکی پێویستە بۆ ئەوەی کارەکانی تەواو ببێت، واتە گەر لە سێشەممە كاری تێدا بكرێت ئەوا سێشەممەی داهاتوودا کارەکانی تەواو دەبێت “.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر