جەعفەر ئیمێنکی بۆ 964: بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەری دەبێت

+964

فەرمان سادق

هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەن سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە،  بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتیش دەڵێ، ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەئێستادا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەنیازە دەستپێشخەرییەک بۆ لایەنە سیاسییەکان بکات لەسەر پرسی هەڵبژاردن، تەنانەت شاندێکی ئەمریکیش بەشداری تێدا بکەن.

ئەگەری زۆرە جێنین پلاسخارت بەشداری کۆبوونەکە بکات

جەعفەر ئیمێنکی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی964ـی وت، نەبووەتە نەریتێک لایەنی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن، بەڵام پێشتریش پلاسخارت بەشداری کۆبوونەوەکانی کردووە و لەکۆبوونەوەی داهاتووش ئەگەری زۆرە بەشداری بکات.

زیاتر وتی “بەمنزیکانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرییەکی دەبێت و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، بەڵام لەبارەی کاتەکە هێشتا دیاری نەکراوە، هێندە نەبێت بەمنزیکانە دەبێت”.

تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 31ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە، کۆمسیۆنیش دەڵێ، پێویستی بەشەش مانگ هەیە بۆ ئامادەکاری بۆیە تاوەکو مانگی ئایاری داهاتوو ئەگەر یاسایەکە هەمووار نەکرێتەوە و کۆمیسۆن کارا نەکرێتەوە و رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان نەکرێت، ئەوا زەحمەتە بتوانرێت ئەمساڵیش هەڵبژاردن بکرێت.