دیمەنی بەنزینخانەی Raniya oil 2 - وێنە: قایمقامیەتی رانیە
نیگەرانی دروست کردبوو
لە رانیە پێدانی بەنزینە 750 دینارییەکە بەشەودا راگیرا
ئەحمەد مستەفا
بەهۆی ئەوەی گلەیی خەڵکی خۆجێی لەسەر بوو، بە بڕیاری قایمقامیەت و لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی قەزای رانیە، بڕیاردرا چیدیکە بە شەودا، بەنزینی 750 دیناری لە رانیە دابەش نەکرێ.
بەڵکو، پڕۆسەی دابەشکردنەکە لە بەنزیخانەی رانیە2، لە کاتژمێر 9:00 بەیانی دەستپێدەکات تا نزیک کاتژمێر 7:00ی ئێوارە و کاتی تەواوبوونی پشکی ئەو رۆژە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29.7.2025، کارزان سڵێمان، سەرپەرشتیاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە بە 964ی وت، بەهۆکاری ئەوەی ئۆتۆمبێلی فەرمانگە حکومییەکان شەوان دەچوون بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری، گلەیی و نیگەرانی دروست کردبوو لەلای خەڵک.
ئێستا بڕیار دراوە تەنیا بە رۆژدا ئەو بەنزینە دابەشبکرێ و گوێ لە خواستی خەڵک گیرا تا یەکسان لە دابەشکردن هەبێ و رۆژانە 36 هەزار لیتر بەنزین- یان پێ دەگات.
دەربارەی دیاریکردنی بەنزینخانەی رانیەی2 “Raniya oil 2” بۆ پڕۆسەکە، کارزان سڵێمان وتی، ئەو بەنزینخانەیە سەنتەرە بۆ ناوچەکان، رووبەرێکی فراوانی هەیە و ستافیان زۆرە، لەیەک کاتدا لە چوار پەمپەوە دەتوانرێ بەنزین دابەش بکات.