نەعامە گەیشتە دێرەلووک

ڤیدیۆ

میدیازان – هەژین فەتاح – دێرەلووک

گۆڤان شەمسەدین هاوڵاتییەکی گوندی بلاڤەیە لە ناحیەی دێرەلووکی پارێزگای دهۆک، ئەو ماوەی ساڵیک و دوو مانگە لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەستیکردووە بە بەخێوکردنی نەعامە.

ئێستا گۆڤان سێ نەعامەی هەیە، دەڵێت ئامانجی ئەو لە بەخێوکردنیان بۆ سوود وەرگرتن نییە لە گۆشتەکەیان یاخود قازانجی ماددی، بەڵکو تەنیا خولیایەکی خۆیەتی.

گۆڤان بە بێچووی نەعامەکانی کڕیوە، ئەوکات هەریەکەو کێشیان شەش کیلۆ بووە و تەمەنیان نزیکەی مانگێک بووە، دوای ساڵێک و دوو مانگ ئێستا کێشی نەعامەکانی گەیشتووەتە ٦٠ بۆ ٧٠ کیلۆ.

“كێشی نەعامەكان ٦٠ بۆ ٧٠ كیلۆیە”

لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما و نەگونجانی کەشوهەوای پارێزگای دهۆک بۆ بەخێوکردنی نەعامە، گۆڤان ناچار گەرمکەرەوە بۆ نەعامەکانی دادەنێت.

گۆڤان شەمسەدین، بە میدیازانی وت، “ساڵێک بەر لە ئێستا بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات گیاندارێک بەخێو بکەم کە لە دەڤەرەکەدا نەبێت، بۆم دەرکەوت کە نەعامەمان لەم دەڤەرە نییە و پێشتر لە رێگەی ئینتەرنێت زانیاریم لەباری شێوازی بەخێوکردنی کۆکردەوە.”

“چێژوەردەگرم لە بەخێوكردنی گیانلەبەران”

ئەگەر خواردنیان باش بێت و کەشوهەوای شوێنەکەیان گونجاو بێت، نەعامە بەگشتی کێشیان تاوەکو ١٥٠ کیلۆگرام دەڕوات و باڵندەیەکی زۆر خێران و خێراییان دەگاتە ١٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. 

قەبارەی یەک هێلکەی نەعامە نزیکەی ١٥ هێندە لە هێلکەی مریشک گەورەترە و کێشی هەر هێلکەیەک دەگاتە نزیکەی یەک کیلۆگرام، بەهای هەر هێلکەیەکیش نزیکەی ٧٠ هەزار دینارە.