موژدەى لە سێدارەدانى حەجاج دەدەنە گۆڕە بە کۆمەڵەکان

کاروانی کەسوکاری ئەنفال لە نێوان رێگای بەغدا و نوگرەسەلماندا یەکیان گرت

سیروان خورشید – بەغدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانە جیاوازەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان کە لە شارۆچکەکانی خورماتوو، کفری، کەلار، رزگاری و کەرکوکەوە بەڕێکەوتبوون، لە نزیک شاری بەغداد گەیشتنە یەک و پێکەوە کاروانێکی گەورەتریان پێکهێنا.

بەشداربووانی کاروانەکە لەو وێستگەیەدا پشوویەکی کورتیان دا و نانیان پێکەوە خوارد، پاشان بە ئیرادەیەکی نوێوە درێژەیان بە گەشتەکەیان دا بەرەو بیابانی سەماوە.

مامۆستا هاوار شافعی، سەرپەرشتیاری کاروانەکە بە 964ـی راگەیاند: “گەشتی ئەمساڵمان بە تەواوی جیاوازە، کەسوکاری ئەنفالکراوان لەبری فرمێسکی خەم، فرمێسکی خۆشی دەڕژن. ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەش لە دەروونی دایک و باوکی شەهیداندا، پەیوەندیی راستەوخۆى بە دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدانی تاوانبار ‘حەجاج’ـەوە هەیە، کە وەک بەدیهاتنی دادپەروەرییەکی سەرەتایی بۆ ئەو تاوانە گەورەیە دەیبینن.”

لە ئێستادا کاروانەکە بە فەرمی بەرەو مۆنۆمێنتی زیندانی “نوگرەسەلمان” بەڕێکەوتووە، تا لەوێ موژدەی سزاگەیاندنی جەلادەکە بە رۆحی ئازیزانیان بگەیەنن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح