کونسوڵخانەی هیندستان دەرفەتی نوێی خوێندنی راگەیاند
+964
فەهمی نەبی
کونسوڵخانەی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، سکۆلارشیپی خوێندنی بۆ هەریەکە لە بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا راگەیاند، پرۆگرامەکە لەچوارچێوەی بابەتە کلتوریەکانە، بەبێ ئەوەی هێشتا دیاربێت ئەو بوارانەی خوازیاران دەیانەوێت داخوازی پێشکەش بکەن چ بوارێکە.
سکۆلارشیپ، دەرفەتی خوێندنە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە دەبەخشرێن بە ئەو کەسانەی خوازیارن لەو وڵاتە بخوێنن، بەجۆرێک پرۆگرامەکە تێچووی خوێندن و مانەوەی خوێندکارەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
پرۆگرامەکە ناوی (ئاتال بیهاری ڤاچپایی – A1201)یە، بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەبێت.
راگەیەنراوەکەی کونسوڵخانەی هیندستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 19.2.2023 لە پەڕەی فەرمی کونسوڵخانەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لە فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵیدا پەڕەی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمیان تاگ کردووە.
پرۆگرامی سکۆلارشیپەکە ئاماژەی بە هیچ بوارێک نەکردوە، کە خوازیاران بیانەوێت داخوازی پێشکەش بکەن، ئەوەندە نەبێت پرۆگرامەکە لە چوارچێوەی پەیوەندی کلتوریە.
بەپێی راگەیەنراوەکە بێت، خوازیاران لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە 20 -ی شوبات تا 30.4.2023 دەتوانن فۆرمی داخوازی لەم لینکە پڕبکەنەوە.