بابه‌ته‌كه‌ هەراسانی سێکسی منداڵانه‌ بە ئۆنلاین

به‌شێك له‌ ئەفسەر و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی هەرێم خرانه‌ خولێكی شه‌ش مانگییه‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌شێك له‌ ئەفسەر و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خرانه‌ خولێكی شه‌ش مانگییه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى بەرەنگاربوونەوەی هەراسانی سێکسی منداڵان له‌رێگه‌ى ئۆنلاین و تەکنۆلۆژیاوە.

خوله‌كه‌ به‌ناوى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خراپ مامه‌ڵه‌كردن و توندوتیژی سێكسی دژی مناڵان به‌ ئۆنڵاین، له‌لایه‌ن وەزارەتی ناوخۆ، ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەرێوەبردن بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی  SEED فاوندەیشن، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

خوله‌كه‌ راهێنانانه‌ و ماوه‌ى شەش مانگ ده‌خایه‌نێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ خوله‌كه‌ بۆ جێبەجێکارانی یاسا لەسەر لێکۆڵینەوە و کارکردن لەگەڵ قوربانیانی توندوتیژی و هەراسانی سێکسییه‌.

ئه‌وانه‌ى به‌شداریان كردووه‌ لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانن و بریتین له‌ ئەفسەر، كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکانن.

مەبەست لەم هەنگاوە بەهێزکردنی توانا و لێهاتووییەکانیانە لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکان پەیوەندار بە خراپ مامەڵەکردن و  توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان لە رێگەی ئۆنڵاین و تەکنۆلۆژیاوە و چۆنیەتی یارمەتیدانی قوربانیانی ئەو تاوانە، بەشێوازێک کە قوربانی چەقی سەرنج بێت و رەچاوی لایەنی دەروونی بکرێت.