"کێشەکە لەدوو رۆژی داهاتوودا چارەسەر دەکرێت"

لە کەرکوکیش بەنزین نەما

964+

کاروان ساڵح- کەرکوک

کەمی بەنزین شۆفێرانی لە بەردەم بەنزینخانەکانی کەرکوک کۆکردووەتەوە، هۆکارەکەی نەگەیشتنی ئەو بڕە بەنزینەیە کە شاری کەرکوک پێویستیەتی.

بەنزینی کەرکوک لەرێگەی هەریەکە لە پاڵاوتگەکانی بازیان، قەیوان، کار و سمودەوە دابیندەکرێت، بەڵام کارکردن لە نوێکردنەوەی ئامێرەکانی پاڵاوتگەی بازیان، هەناردەکردنی بەنزینی راگرتووە.

کەمبوونەوەکە لە دوێنێ شەممە 18.2.2023ـەوە سەریهەڵداوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لەو کۆمپانیایەی بەنزین بۆ کەرکوک دەهێنێت، کە بۆ 964قسەی کردووە، لە هەرێمی کوردستان و بەغدا رێگری بۆ ئەو تەنکەرانە دروستکراوە بەنزین بۆ کەرکوک دەگوازنەوە.

هەوار نادر، شۆفێر لە شاری کەرکوک بە تۆڕی 964 ی راگەیاند “زیاتر لە 2 کاتژمێر لە نۆرەدا دەوەستین و پەنجا لیتر بەنزینیشمان پێدەدەن.

شاری کەرکوک رۆژانە پێویستی بە 1 ملیۆن و 300 هەزار لیتر بەنزین هەیە.

سەرچاوەیەک لەو کۆمپانیایەی بەنزین بۆ شاری کەرکوک دەگوازێتەوە، بە تۆڕی 964ی وت “پاڵاوتگەی بازیان ئامێرەکانیان نۆژەندەکەنەوە و هەناردەکردنی بەنزینی راگرتووە، هەروەها هەندێ کێشە بۆ بەرهەڵگرەکانمان دروستکراوە لە بەغدا و هەرێمی کوردستاندا.

دەشڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و پێیان راگەیەندراوە، کێشەکەیان لە 2 رۆژی داهاتوودا چارەسەر دەکرێت.