دەبێت موچە بنێردرێت و نەوتيش هەناردە بكرێتەوە
ئەمریكا رێگا بۆ هەرێمى كوردستان خۆش دەكات
محەمەد فاتیح
باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دووپاتکردەوە.
ڤەیگن بە پشتیوانیكردنی كوردستانەوە نەوەستاوە و داوای ناردنی موچەی فەرمانبەران و هەناردەكردنەوەی نەوت و راگرتنی هێرشە درۆنییەكان دەكات.
ئەمڕۆ شەممە 19.7.2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ لە زووترین کاتدا، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێبکاتەوە .
حكومەتی هەرێمی كوردستان:
باڵیۆز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە و داوايكردووه هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێم بوەستێت.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت.