ئاشکرابوو

فەرماندەى هێزە چەکدارەکان: درۆنەکان لەناو خاکى عێراقەوە ئاراستەکراون

وریا فەتاح

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی وڵات ئاشکرا کرد و رایگەیاند، درۆنەکان لەنێو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون و بکەرەکان ئاشکرا کراون.

هێرشەکان مەبەست لێى ئەو هێرشانەن کەمانگى رابردوو کرانە سەر پێنج شوێنى سەربازى لە بەغدا، ناسریە، ئەنبار و سەڵاحەدین.

ئەمڕۆ هەینی، لیوا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا وتى،”بەپێی ڕاسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە پێکهێنرا و دوای بەدواداچوونێکی وردی ئەمنی و هەواڵگری و تەکنیکی، گەیشتە چەند دەرەنجامێک کە  کە درۆنەکان لە دەرەوەی عێراق دروستکراون و شوێنى هەڵدانیان ناوخاکى عێراق بووە کە شوێنەکانیان دیاریکراوە”.

بەبێ ناوهێنانى هیچ لایەنێکیش ئاشکراى کردووە ئەو لایەنانەی کە لە جێبەجێکردن و هەماهەنگی ئەم ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانەیەدا بەشداربوون، ئاشکرا کراون.

بەپێى لێکۆڵینەوەکانى لیژنەکە ئەوە ئاشکرابووە کە سەرجەم درۆنە خۆکوژییەکان لە یەک جۆر بوون، وەک دەڵێت، ئەوەش بەڵگەیە کە لە یەک لایەنەوە ئاراستەکراون.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختیکردەوە، “سەرکردایەتییە ئەمنی و سەربازییەکان هیچ سازشێک لەسەر ئەو هەڕەشانە ناکەن کە ئاسایش و سەلامەتی هێزە چەکدارەکان و تواناکانی دەوڵەتی عێراق دەکەنە ئامانج، و رێکاری یاسایی دژی هەموو تێوەگلاوان دەگیرێتەبەر و رەوانەی دادگای سەربازیی عێراق دەکرێن.”

هێرشەکانیشى بە ترسنۆکانەوە و پێشێلکارى زەقى سەروەرى نیشتمانى وێناکردووە.