بۆ کاری خێرخوازی سەرما و گەرما ناناسن
لە سلێمانییەوە هاتوونەتە هەولێر و کتێب بۆ منداڵانی هەتیو دەفرۆشن
رێباز یونس – هەولێر
رێکخراوێکی خێرخوازی کۆمەڵێک کتێبی داناوە بۆ فرۆشتن و داهاتی کتێبەکانیش بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و هەتیوە.
چەند گەنجێکی ئەو رێکخراوەیە لە سلێمانییەوە هاتوونەتە هەولێر و بۆ کاری خێرخوازی گەرما و سەرما ناناسن.
دیاری هادی یەکێک لەو گەنجانە لە نزیک قەڵای هەولێر لە ژێر باران وەستاوە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “نزیکەی دوو مانگ دەبێ لە شاری هەولێر خەریکین ئەم کتێبانە دەفرۆشین و داهاتەکەشی بۆ منداڵانی هەتیوە”.
“کتێبەکان نرخیان لەسەر نییە و نرخەکەیان بەدڵی ئەو کەسە خۆیەتی کە دەیکڕێ”، دیاری هادی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کتێبەکان جۆراوجۆرن، ئایینی و رۆمان و بەسەرهات و ژیاننامە، ئیشەکەیان بەباشی دەڕواتە پێش و خەڵکی هەولێر پێشوازییەکی باشیان لێکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری