داوای راگەیاندنی باری نائاسایی دەكرێت

سورێژە هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات و ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی کەمینەکانی ئەنجومەنی پیران چاک شومەر داوای کرد باری نائاسایی تەندروستی گشتیی لە ئەمریکا رابگەیەنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆرترین حاڵەتی سورێژە لە ماوەی 33 ساڵدا تۆمارکراوە.

لە نامەیەکدا بۆ رۆبەرت کێنێدی وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، کە لە ماڵپەڕی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیران بڵاویکردووەتەوە، شومەر دەڵێت، “ئەوەی وەک بڵاوبوونەوەی ناوخۆیی لە ویلایەتی تەکساس دەستیپێکرد ئێستا بووەتە قەیرانێکی تەندروستی نیشتمانی، بە جۆرێك نزیکەی هەزار و 300 ئەمریکی لە 38 ویلایەتدا تووشی ڤایرۆسەکە بوون، دەیان کەسی دیکەش لە نەخۆشخانە خەوێندراون، نەخۆشییەکەش سەلمێنراوە کە کوشندەیە.

هەروەها بە وەزیرەكە دەڵێت، “بۆ ئەوەی رێگری لەم ژمارە پێوانەییە لە خراپتربوون و رزگارکردنی ژیان بكرێت، پێویستە دەستبەجێ باری نائاسایی تەندروستی  رایبگەیەنیت”.

شومەر پێی وایە کێنیدی بەرپرسیاریەتیی ئەم دۆخە لە ئەستۆ دەگرێت، لە نامەیەکیشدا ئەو وەزیرەی تۆمەتبار کردووە بەوەی وڵاتەکەی “نقوم کردووە” لە گەورەترین بڵاوبوونەوەی سورێژە بەهۆی دەرکردنی بەربڵاوی زانایان، لەنێویاندا پسپۆڕانی نەخۆشییە درمیەکان و بەستن و کەمکردنەوەی یارمەتییەکانی.

پێشتر کێنیدی پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی نزیکەی 20 هەزار کارمەندی فول تایم راگەیاندبوو، وەک بەشێک لە چاکسازییەکان کە وەزارەتی کارایی حکومەتی ئەمریکا (DOGE) سەرپەرشتی دەکات.

سورێژە چییە؟

سورێژە (بە ئینگلیزی: Measles) یەکێکە لە دیارترین نەخۆشیە ڤایرۆسیە گوازراوەکان کە بەھۆی ڤایرۆسی سورێژە (Measles virus) دەگوازرێتەوە و تووشی مرۆڤ دەبێت. ئەگەری تووشبوونی ھەیە لە ھەر تەمەنێکدا، بەڵام لە تەمەنی منداڵی تایبەت لە نێوان 9 مانگ بۆ 5 ساڵی باوترە وەک لە تەمەنەکانی تر.

ساڵانە نزیکەی 20 ملێون کەس تووشی ڤایرۆسی سورێژە دەبن، بە تایبەتی لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقیا. نیشانەکانی بریتیین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (ڕەنگە بۆ سەروو 40 پلەی سیلیزی بەرزبێتەوە)، کۆکە، پەسیو، ھەوکردن و سووربوونەوەی چاو، دەرکەوتنی برینی بچووکی سپی کە پێی دەوترێت(koplik spots) لە ناو دەم، پەیدابوونی پەڵەی سوور لەسەر پێست دوای نزیکەی 3-5 رۆژ لە دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکان دەردەکەوێت، سەرەتا لە دەم و چاو و پشت گوێیەکان دەستپێدەکات، ئینجا بەشی خوارەوەی لەش دەگرێتەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەك تا 10 رۆژ نیشانەكان دەمێننەوە.

نەخۆشییەكە چارەسەری هەیە، بەڵام باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی سوورێژە لە رێگەی کوتان (vaccination) ەوەیە، کە بەشێوەیەکی بەرچاو و دراماتیکی رێژەی تووشبووانی بە بڕی 80٪ کەمکردووەتەوە.

لە گەرمیان زیاتر لە 43 هەزار منداڵ دژی سورێژە کوتران

لە گەرمیان زیاتر لە 43 هەزار منداڵ دژی سورێژە کوتران