بارەگای کۆمپانیای گووگڵ
هێشتا کارا نەکراوە
گووگڵ پێویستی بە 600 کاتژمێر خوێندنەوەی کوردی هەیە
+964
فەهمی نەبی
هێشتا وەرگێڕانی دەنگی گووگڵ لەزمانی کوردیەوە کارا نەکراوە، کۆمپانیاکە پێویستی بە 600 کاتژمێر خوێندنەوەی رستە هەیە بە زمانی کوردی بۆ ئەوەی کارا بکرێت.
خزمەتگوزاری وەرگێڕانی راستەوخۆی گووگڵ بە کوردی، تا ئێستا تەنیا بەنوسین بەردەستە.
بۆکان جاف، دامەزرێنەری كۆمەڵەی گووگڵ كاودسۆرس لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ تۆڕی964 قسەیکرد دەڵێت: پرۆسەی یەکەم دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا سەرەتایە، مەرجی کاراکردنی وەرگێڕانی دەنگی لای کۆمپانیای گووگڵ ئەوەیە 600 کاتژمێر دەنگت هەبێت و هەزار کەس ئەو دەنگەی خوێندبێتەوە.
کۆمەڵەی گووگڵ کاودسۆرس، كۆمەڵەیەكی زمانەوانی جیهانییە، لەرێگەی پلاتفۆرمەکانی گووگڵ خزمەتگوزاری وەرگێڕانی راستەوخۆ بەردەست دەخات، بۆکان جاف لەگەڵ چەند کوردێکی تر وەک ئەندام کاریان کردووە بۆ چەسپاندنی خزمەتگوزاری وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی.
بە وتەی بۆکان، ئەوان سێ کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیای گووگڵ کردووە، بڕیاریانداوە داتاکانیان بۆ بنێرن و ئەوانیش دەستبکەن بە خوێندنەوەی، بۆ خوێندنەوە بە شێوەزاری سۆرانی لە ئێستادا زیاتر لە هەزار کەس ئامادەیی خۆی دەربڕیوە.
کۆمپانیای گووگڵ چەند مەرجێکی هەیە بۆ قبوڵکردنی ئەو دەنگەی کە رستەکان دەخوێننەوە، لەوانە پێویستە بەدەنگی روون رستەکان بخوێنرێنەوە، ئەو کەسە تەمەنی لەسەرووی 18 ساڵ بێت، دەبێت ئەو کاتەی رستەکە دەخوێننەوە دەوروبەری کەسەکە چۆڵ بێت و هیچ ژاوەژاوێک نەبێت.
بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداربن لە پرۆسەکە بکەن، کە داتاکان بەردەست بوون ئەپلیکەیشنی گوگڵ ترانسلێت دادەبەزێنی، دەچیە بەشی وەرگێڕانی دەنگی، راستەوخۆ تێکست دێتە بەرچاوت تۆش دەیخوێنیەوە. ئەو پرۆسەیە کاتێ گەیشتە 600 کاتژمێر تەواو دەبێت.