جگە لە گەنم

دەستەی وەبەرهێنان بەرهەمی میوەی جوتیاران دەكڕێتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، بەپێی ئەو پلانانەی دایانناوە، جگە لە گەنم، دەستەكەیان لە رێگەی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە، بەرهەمی دیكەی جوتیارانی كوردستان دەكڕێتەوە.

بەرگەشت ئاكرەیی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 6.7.2025 بە 964ی راگەیاند، پرۆسەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی كوردستان لە رۆژی 15ی ئەم مانگە دەستپێدەكات و تا 14.8.2025 دەخایەنێت، كە تێیدا گەنمی جوتیارانی كوردستان، ئەوانەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لێیان وەرناگیرێت، بە سەرپەرشتی دەستەی وەبەرهێنان و لە لایەن هەردوو كۆمپانیای خۆشناو و قەیوان، گەنمەكەیان لێوەردەگیرێت.

وتیشی، لە رێگەی 964ـەوە داوا لە جوتیاران دەكەین، خۆیان ئامادەبكەن بۆ گەیاندنی گەنمەكە بە سایلۆی هەردوو كۆمپانیا.

“گەنمەكە پۆلین كراوە و تۆنی گەنمی پلە یەك بە 550 هەزار دینار و گەنمی پلە دوو بە 525 هەزار وەردەگیرێت، بڕیارە لە دوای دوو مانگ پارەكەشیان پێبدرێت”، بەرگەشت ئاكرەیی ئەمەی وت.

هەروەها ئەوەشی بۆ 964 ئاشكرا كرد، جگە لە گەنم، دەستەی وەربەهێنان لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانی، هەر لە رێگەی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە بەرهەمەكانی دیكەی جوتیارانی كوردستان وەردەگرێت، هەر لە زاخۆ تا خانەقین، بە تایبەتی برنج، هەنار، هەنجیر و سێو و چەند بەرهەمێكی دیكە.

بە قسەی ئاكرەیی، ئامانجی حكومەت پاڵپشتیكردنی جوتیارانە لەوەی لە كاركردن بەردەوام بن و زەرەرمەند نەبن، هەروەها گوند و دێهاتەكانیش چۆڵ نەكرێن و زیاتر ئاوەدان بكرێنەوە.

بە قسەی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، پرۆسەی كڕینەوەی گەنمی جوتیاران لە 2023 و ئەوكاتەی بەغدا گەنمی جوتیارانی وەرنەگرت، دەستیپێكردووە و بەردەوامیش دەبێت.

لە عەلوەى کەلار 246 تۆن سەوزە و میوە دەستى بەسەرداگیراوە

لە عەلوەى کەلار 246 تۆن سەوزە و میوە دەستى بەسەرداگیراوە