رۆژ به ‌رۆژ له‌ زیاد بووندایە‌

زیاتر لە 1500 كەس لە هەرێم بە هۆی ماددە هۆشبەرەكانەوە گیراون

محەمەد فاتیح

لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لە مەترسی هەڵكشانی بازرگانی و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، كە وەك دیاردەیەكی مه‌ترسیدار باسى دەكات و تائێستاش زیاتر لە 1500 كەس بە هۆی مادە هۆشبەرەكانەوە گیراون.

کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە  رۆژی جیهانی رووبەرووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، “مایەی ئەسەفە كە لە هه‌رێمی كوردستان بازرگانی و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆته‌ دیاردەیەكی مه‌ترسیدار و رۆژ به ‌رۆژ له‌ زیاد بووندایە‌ و ئه‌مه‌ش بێگومان زه‌نگێكی مه‌ترسیدار‌ و گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە”.

وتيشى، “بە گوێرەی دوایين ئامارەكانی چاكسازییەكانمان، كە تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە دەستی یاسایان پێگەیشتووە و گیراون و سزادراون لە هەر 6 چاكسازی هەرێمی كوردستان، لە كۆی (5746) كەس كە بە تاوانی جۆراو جۆر گیراون، (1576) كەسیان بە هۆی ماددە هۆشبەرەكانەوە گیراون كە دەكاتە رێژەی 27،2% واتە تەنیا ماددە هۆشبەرەكان زیاتر لە یەك لەسەر چواری سەرجەم تاوانەكانی ترە كە لە هەرێمی كوردستان روودەدەن”.