چۆمان.. پێشمەرگەیەک لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژرا

964+

زۆزک باڵەک – چۆمان

لە قەزای چۆمان بەقسەی پۆلیس بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە کوڕێک باوکی خۆی دەکوژێت، باوکەکە پێشمەرگەیە و بە چەکەکەی خۆی کوژراوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 17.2.2023 کاتژمێر 11:30 خولەک، لە گەڕەکی کۆسرەتانی قەزای چۆمان بەهۆی کێشەیەکی خێزانی کوڕێک باوکی خۆی کوشت.

لە راگەیاندراوێکدا بەرێوبەرایەتی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاندووە، بەشی ئیشکگری پۆلیسی چۆمان لەلایەن نەخۆشخانەی چۆمانەوە ئاگادارکرانەوە بەبوونی تەرمی هاولاتییەک کەبەهۆی چەکی جۆری کلاشینکۆف کەهی خۆی بووە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوڵاتییەکە دانیشتووی گەڕەکی کۆسرەتانی چۆمانە و پیشەی پێشمەرگەیە، دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ مەفرەزەکانيان گەشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادی سۆران.

پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە لێکۆلێنەوە سەرەتاییەکان گومان دەکرێت کێشەیەکی خێزانی بووبێت، گومانلێکراوی سەرەکی تاوانەکەش کوڕی کوژراوەکەیە، ئێستا دەستگیرکراوە و لێکۆلێنەوە لەگەڵی بەردەوامە.