لەبری باخچە و پرد خوێندنگە دروست بکەن

لە گەرمیان ١٧ خوێندنگە سێ دەوامیان تێدا دەکرێت

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

 پەروەردەی گەرمیان داوا لە وەبەرهێنەران دەکات لەبری پرد و باخچە، خوێندنگا دروست بکەن، دەڵێت ١٧ خوێندنگای سنووری ئیدارەی گەرمیان سێ دەوامیان تێدا دەکرێت.

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ١٦ ناوەندی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن، هەرچەندە پەروەردەی گەرمیان دەڵێت گرفتی کەمی خوێندنگایان هەیە، بەڵام گەرمیان هیچ پشکی لەو ١٦ خوێندنگایەدا نییە.

“گەرمیان پێویستی بە دروستکردنی ٥٠ قوتابخانە هەیە”

دارا ئەحمەد سەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان بە میدیازانی راگەیاند، وەبەرهێن ئەو ١٦ خوێندنگایە دروست دەکات نەک حکومەت، بۆیە ئێمە بۆمان نیە داوای پشکی گەرمیان بکەین لەو ١٦ خوێندنگایە.

دەشڵێت، “چەند جارێک داوامانکردووە لە گەرمیان کاتێک وەبەرهێنێک دەست بە پرۆژەیەکی بازرگانی دەکات لەبەرامبەردا لەبری ئەوەی پەنا بۆ دروستکردنی پرد و باخچە ببات بینای خوێندنگامان بۆ دروست بکات.”

لە ئێستادا ٤٠٣ ناوەندی خوێندن لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بوونی هەیە، بەهۆی زۆریی ژمارەی خوێندکارانەوە ١٧ خوێندنگایان سێ دەوامیان تێدا دەکرێت و ٥٠ ناوەندی دیکەی خوێندن پێویستە بۆ گەرمیان بۆ ئەوەی پێویستییەکانی پەروەردەی گەرمیان پڕبکەنەوە.