ماڵەکە و نەخۆشخانە قسەی جیاواز دەکەن

لە خورماتوو هاوڵاتیەک دوای نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هاوڵاتیەک لە خورماتوو دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریەک لە نەخۆشخانەی گشتی قەزاکە گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکەشی پزیشکانی نەخۆشخانەکە بەهۆکاری مردنی براکەیان تۆمەتبار دەکەن، لە بەرامبەردا نەخۆشخانەکەش هۆکارەکە بۆ خواردنی دەرەوە دەگەڕێنێتەوە.

​دڵشاد فاتیح، برای کۆچکردوەکە بە 964ـی وت، براکەی کێشەی فدقی هەبووە و بۆ مەبەستی چارەسەر و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بردوویانەتە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە و دەرچوونی لە ژووری نەشتەرگەری، براکەی بە هۆش خۆی هاتووە، بەڵام پزیشکان دەرزییەکیان لێ داوە و پاش چەند خولەکێک گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، “هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی براکەمان ئەو دەرزییە بووە کە لەلایەن پزیشکانەوە لێی دراوە”.

مەحەمەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی راگەیاند، هۆکاری مردنەکە پەیوەندی بە دەرزییەکەوە نەبووە، بەڵکو دوای ئەوەی نەخۆشەکە لە ژووری نەشتەرگەری دەرچووە، کەسوکارەکەی راستەوخۆ خواردنی دەرەوەی لە جۆری کەباب بۆ هێناوە و پێیان داوە،

وتیشی، نەخۆشەکە دوای خواردنی ئەو ژەمە بێ هۆش کەوتووە و پزیشکان و تیمی فریاکەوتنیش فریای کەوتوون و دەرزییەکی هێورکەرەوەیان لێ داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام هەوڵەکان بێسوود بوون و گیانی لەدەست داوە.

​دەشڵێت، بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان، دوای هەر نەشتەرگەرییەک پێویستە نەخۆش بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر هیچ خواردنێکی قورس نەخوات و تەنها لەرێگەی رێنمایی تایبەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

​لە ئێستادا کەسوکاری کۆچکردوو تووڕەن و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە بە بەرپرسیار دەزانن لە گیان لەدەستدانی کوڕەکەیان و داوای لێپرسینەوەی یاسایی دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی