پۆلیسى ئیسرائیلى
بۆ هەر ئەرکێک 500 دۆلارى وەرگرتووە
ئیسرائیل سیخوڕێکى ئێرانى دەستگیرکرد
964+
وریا فەتاح
پۆلیس و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت) رایانگەیاند، دانیشتوویەکی شاری حەیفا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تۆمەتبار بکرێت.
بۆ هەر ئەرکێکى سیخوڕیکردن 500 دۆلارى وەرگرتووە
بە گوێرەى وتەبێژی پۆلیس و شین بێت، دیمیتری کۆهینی تەمەن 28 ساڵ، زانیاریی هەواڵگریی لەسەر هاوڵاتیانی ئیسرائیل کۆکردووەتەوە، وێنەی ماڵ و دەوروبەریانى گرتووە و بۆ بەرپرسە ئێرانییەکەی ناردووە.
باس لەوەش دەکرێت کە بۆ هەر ئەرکێک بڕی 500 دۆلاری وەرگرتووە و لە کارەکانیشى مۆبایلى جیاوازی بەکارهێناوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیرکردنى ئەو کەسە نوێ نییە و مانگێک لەمەوبەر و پێش هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران، کۆهین لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسی یەکەی لێکۆڵینەوە و هەواڵگریی ناوچەی کەناراوەکانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ شین بێت، دەستگیرکراوە.
پۆلیس و شین بێت دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت داواکارانی گشتیی دەوڵەت لە نووسینگەی داواکاری گشتیی حەیفا لە رۆژانی داهاتوودا تۆمەتی فەرمی سیخوڕى کردن ئاڕاستەى کۆهین بکەن.
هەروەها ماڵپەڕی Ynet ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، پۆلیس گەنجێکی تەمەن 19 ساڵی خەڵکی ناوچەی شارۆنی بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ تاران دەستبەسەر کردووە. وا گومان دەکرێت گەنجەکە پەیوەندی بە بریکارێکی ئێرانییەوە کردبێت و لە ماوەی جەنگدا زانیاریی نهێنی پێدابێت. دەوترێت کەیسەکە لەلایەن شین بێتەوە بەڕێوەدەبرێت. پۆلیس تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر دەستگیرکردنی ئەو گەنجە 19 ساڵە نەداوە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەى رابردوودا و تەنانەت ئەمڕۆش، حکومەتى ئێران ژمارەیەک کەسى بە تۆمەتى سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکردووە و چەند کەسێکیشى لەسێدارە داوە.