شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

ئاگربەست لە لوبنان درێژکرایەوە و خەریکە شەڕ لە ئێران دەستپێدەکاتەوە

شۆڕش قادری

ئاگربەست لە لوبنان درێژکرایەوە بەڵام واخەریکە شەڕ لە ئێران دەستپێدەکاتەوە؛ کورت و پوخت پێتان دەڵێین لە 24 کاتژمێری رابردوو چی روویدا؟

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان 45 رۆژ درێژکرایەوە و گەڕی چوارەمی دانوستانەکانیشیان لە 2 و 3ـی مانگی داهاتوو دەکرێت.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەزاری چەند بەرپرسێکەوە ئاشکرایکردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی ئامادەکارین بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشێکی بەرفراوان و چڕ بۆ سەر خاکی ئێران.

بەقسەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەگەر ئەمجارە شەڕ دەستپێبکاتەوە، ژێرخان و بنکە سەربازییەکانی ئێران بەچڕی دەکرێنە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی چین دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی داوا دەکات بە زووترین کات گەرووی هورمز بکرێتەوە و دەڵێت، هانی ئەمریکا و ئێران دەدەین بۆ بەردەوامبوون لە دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی ئەبو بیلال ئەلمینوکی راگەیاند، کە بە پیاوی دووەمی ناو رێکخراوی تیرۆریستیی داع*ش دادەنرێت.

ترەمپ: هێزەکانمان بەهاوبەشی هێزە چەکدارەکانی نایجیریا بە سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنێکی ورد و ئاڵۆزیان جێبەجێکرد بۆ لەناوبردنی چالاکترین تیرۆریستی جیهان لە بەرەکانی جەنگ.

دوای سەردانەکەی بۆ چین، ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، رەنگە مانگی 9ـی ئەمساڵ شی جینپینگ سەرۆکی چین سەردانی ئەمریکا بکات.

پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا ( FBI) دەستگیرکردنی محەمەد باقر داود ئەلسەعدی سەرکردەی “مقاومەی عێراقی” راگەیاند، کە تۆمەتبارە بە رێکخستنی 20 هێرش لە سەرانسەری ئەوروپا و پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەی جووەکان.

دوێنێ هەینی هەورەبروسکە لە بەری سەرسیانی سنووری ناحیەی بنگرد لە خێزانێکی پێنج کەسیدا و لە ئاکامدا باوک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا، لە گوندی هەنارانی خوارووش لە سلێمانی، شوانکارێک هەر بە هەورە بروسکە گیانی سپارد.

رەشەبا و باوبۆرانەکەی دوێنێ سەیرانی لە هاوڵاتیان تێکدا، لە سلێمانی دار و درەختی زۆری شکاند و لە دەڤەری راپەڕینیش  چوار کەس برینداربوون.

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا رێککەوتنێکی ستراتیژیی چەند ساڵەیان لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی واژۆ کردووە و بەمزووانە چەندین ئۆفەری تایبەتی ئینتەرنێت و پێشبڕکێی نوێ بە بۆنەی ئەم هاوبەشییەوە رادەگەیەنن.

قایمقامیەتی دوکان رایگەیاند، بڕیاریان داوە بە قەدەغەکردنی یاریی جێت سکی لەو شوێنە ئاویانەی رۆژانە گەشتیاران رووی تێدەکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسای بەرامبەر دەگیرێتەبەر.