دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق؛ هاوڵاتی و ژمارەیەک پۆلیس دەردەکەون _ وێنە: هادی میزبان AP
کۆنفڕانس ئەنجامدرا
وەزیر دەیەوێ پۆلیس و ئەفسەران بۆ حاڵەتی کتوپڕ ئامادەییان هەبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی لێهاتوویی تاكەكەسی ئەفسەران و ئەندامانی بەشی فریاکەوتنی خێرا و پاراستنی ئامادە باشی بۆ حاڵەتی کتوپڕ و شەڕ لە هەموو ئاست و کاتەکاندا كردەوە.
فەرماندەیی فیرقەی دەستێوەردانی خێرا/ فریاکەوتنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كۆنفرانسێكی ئامادەیی شەڕی لە بەغدا رێكخست.
لە بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری ناوخۆی عێراق کە 964 بینوویەتی دەڵێت، لەو كۆنفرانسەدا بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی فیرقە و فەرماندەكانی پێكهێنان و ئەفسەرانی ستاف و ژمارەیەك راوێژكار و یاریدەدەر لە وەزارەتی ناوخۆ، ئامادەکاری و ئامادەیی هێزەکان بۆ حاڵەتی کتوپڕ و پێداویستییەکان تاوتوێ کراوە.
وەزیر كۆمەڵێك راسپاردەی دەركردووە، دیارترینیان پەرەپێدانی توانا تاكەكەسییەكانی ئەفسەر و ئەندامان، بەرزكردنەوەی ئاستی مەشق و راهێنان و پاراستنی ئامادەیی شەڕ و ئامادەیی بە درێژایی كاتژمێر لە هەموو ئاستەكاندا بووە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە وەزیری ناوخۆ جەختی لە گرنگی مەشق و تواناسازی كردووەتەوە، هەروەها فەرماندەكانی لیوا و فەوجەكان لە پێشەنگی یەكەكانیاندا بن لە كاتی سەرجەم مەشقەكاندا، ئەمە جگە لەوەی خاوەنی لەشجوانی و لێهاتوویی بەرزبن كە بتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.