خورماتوو و شارەزوور و چۆمان

تەنیا ئەمڕۆ؛ هەورە بروسکە کۆتایى بە ژیانى سێ کەس هێناوە

964+
سیروان خورشید – خورماتوو

تەنیا ئەمڕۆ، سێ کەس بە هەورەبروسکە گیانیان لەدەستداوە و ژنێکیش بریندار بووە.

کەمێک لەمەوبەر، لە گوندى “”ئاخجە مەشەدی” لەناوچە داودەی سنوری خورماتوو، مێردمنداڵێکى تەمەن هەشت ساڵان بەهۆى هەورە بروسکە گیانى لەدەستدا.
هەر لە سنوورى خورماتوو و لە گوندى “ئەبو سەباح”، کەسێکى تر کەمێک لەمەوبەر بە هەورە بروسکە گیانى لەدەستدا.
هارون رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو، وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى هەردوو زانیارییەکە، بە 964ـى وت،”تەرمى هەردوکیان گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتن و پشکنینی سەرەتایی دەریدەخات کە بەشێکى زۆرى جەستەیان سووتاوە”.
هەر ئەمڕ و دەمەو نیوەڕۆ، لە گوندی دێڵزەی چۆمان، هەورەبروسکە لە ماڵێکی داوە و ژنێک کە سەرقاڵی کاری ماڵ بووە، بریندار بووە.

لە رووداوێکى تریشدا، شوانێکی تەمەن 24 ساڵان لە گوندی ئالانی سەربەناحیەی زەڕایەنی سنووری قەزای شارەزوور هەورەبروسکە لێیدا و گیانی لەدەستدا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح