زیاتر لە 110 هەزار دەنگدەر تۆماری دەنگدەرانیان نوێكردووەتەوە
لە سلێمانی 17 هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كەمتر لە پێنج مانگی ماوە، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش لەمانگی ئاداری ئەمساڵەوە ئامادەكارییەكانی بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێكردووە و سبەیش وادەكە تەواو دەبێت.
لەبارەی ئامادەكارییەكانەوە، ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە 964ـی وت، لە ماوەی سێ مانگی رابردوو، لە 25.3.2025 وە زیاتر لە 110 هەزار دەنگدەر سەردانی ناوەندەكانی كۆمیسیۆنی سلێمانییان كردووە و تۆماری دەنگدەرانیان نوێكردووەتەوە، بەمەش رێژەكە دەگاتە لە%78 ی دەنگدەرانی پارێزگاكە لە كۆی ملیۆنێك و 535 هەزار دەنگدەر، كە دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن.
وتیشی، سبەی كە هەینییە و پشووە، بەڵام وەک كۆتا وادە و دواڕۆژی پڕۆسەكە دەرگای ناوەندەكانمان كراوە دەبن و ئەوەی سەردانی نەكردووە سبەی بێت كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان بۆ دروست دەكەین.
دەشڵێت، زیاتر لە 17 هەزار دەنگدەری نوێ و لەدایكبووی ساڵی 2007 پڕۆسەی بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوە و بۆ یەكەمجار بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، ئەوانەی مردووشن بە بەڵگەنامەی وەفات لە رێگەی كەسی پلە (یەك و دوو) ی مردووەكەوە ناوەكانمان لە تۆمار سڕیونەتەوە.
“لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی بنكەكانی دەنگدان بۆ رووماڵی میدیا زیاتر دەكەین، بە ئامانجی ئەوەی زۆرترین كەناڵی راگەیاندن بتوانن روماڵی پڕۆسەی دەنگدانەكە بكەن” ئامانج عەزیز وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر