بۆ بەرهەمی جوتیارانە

کارگەکانی نزیک سێمێڵ 85%ی کارەکانی تەواو کراوە

964+
ئەحمەد مستەفا

ژمارەیەک کارگە بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی خوماڵی جوتیارانی پارێزگای دهۆک و فرۆشتنی بەشێوەیەکی نوێ دروستدەکرێت، ئەمڕۆ راگەیەندرا کە 85%ی کارەکانی تەواو کراوە.

رووبەری کارگەکان پێنج هەزار مەتر چوارگۆشەیە، هەروەها پێکهاتووە لە چەند بینایەکی کارگە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و چەند شەقامێکی بچووک لەگەڵ چەند باخچەیەک.

پێشتر، مسلح حەسەن، جيگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـى وت، لەمەودوا بەرهەمی جوتیاران لە پارێزگای دهۆک بەشێوەیەکی نوێ ساغ دەکرێتەوە، پێشتر هەموو جوتیارێک بەرهەمەکەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بەناڕێکی دەفرۆشت، بەڵام دوای کردنەوەی کارگەکان جوتیاران بەرهەمی خۆیانی بۆ دەبەن.

وتیشی، کارگەکان دەکەوێتە ناحیەی فەیدیێ لە سنووری قەزای سێمێل، لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا دەکرێتەوە و بەرهەمی جوتیاران وەردەگیرێت و دوای ئەوە بەرهەمەکە بڵاودەکاتەوە بەسەر عەلوە و بازاڕ و دوکاندار و جوتیارانی دهۆک سوودی لێیدەبینن.

پارێزگای دهۆک بە کشتوکاڵی بەناوبانگە و جوتیاران هەموو جورە بەرهەمی خوماڵی دەچێینن، ئێستاش بۆ ئەم پڕۆژەیە کە ئەمڕۆ پارێزگای دهۆک سەردانی کرد، گوژمەی 60 ملیار دینار دابین کراوە، لە کارگەی میوە و دروستکردنی شەربەت، کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتوون و چەند بەرهەمێکی دیکە پێک دێت.

وێنەی کارەکانی عەلوەکە؛