تا 30 ساڵ ژیان لەو شوێنە ئاسایی نابێتەوە
چی دەبێت ئەگەر ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل؟
ژووری هەواڵ
چی دەبێت ئەگەر ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل؟ رەنگە خەڵکێکی زۆر هەبێت دڵیان بەمە خۆش بێت، بەڵام ئەوەی نایزانن ئەوەیە دوای هێرشەکە چ کارەساتێک روودەدات.
لەگەڵ تەقینەوەی یەکەم، شوێنی تەقینەوەکە بە تیرەی یەک کیلۆمەترو نیو دەبێتە خۆڵەمێش، هەموو شتێک لەناو دەچێت، مرۆڤ، باڵەخانە، ئۆتۆمبێل، تەنانەت پۆڵاو ئاسنیش دەتوێنەوە، دوای ئەمە قۆناغی تەقینەوەی هەوایی و دەنگی دێت، شەپۆلێک کە هەموو ئەو دەورووبەرە وێران دەکات، پەنجەرە دەشکێنێت و دیوار دەڕووخێنێت و داروبەرد لەگەڵ خۆیدا رادەماڵێت، لە تیرەیەکدا کە دەگاتە شەش کیلۆمەتر هیچ شتێک و هیچ کەسێک بە سەلامەت دەرناچێت.
ئەمە هەموو شتێک نییە، وێرانکاری لە سنوور دەپەڕێتەوە، خەڵکی غەزەو ناوچەکانی تری فەڵەستین لەناو دەبات، لەوەش بترازێت تیشەکەکە دەگاتە میسرو سوریا و لوبنان و ئەردەن، رەنگە خەڵکی ئەم وڵاتانە دەمودەست نەمرن، بەڵام دوای چەند ساڵێک نەخۆشییە کوشندەکان بەشێکی زۆری خەڵکەکە لەناو دەبەن و بۆ چەند نەوەیەکی داهاتوو منداڵی زیان بەرکەوتوو لەدایک دەبن.
دوای ئەمانە هەورێکی خۆڵەمێشی ئەتۆم دەچێتە ئاسمان کە گەردیلەی مردنی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، (با) لەگەڵ خۆی دەیگەیەنێتە ئاسمانی سعودییەو عێراق و دەشگاتەوە خودی ئێران، بارانێکی رەشی تێربوو بە ئەتۆم دادەبارێت، شوێنی تەقینەوەکە دەبێتە بیابان و هەتا 30 ساڵی داهاتوو ژیان تیایدا سەرهەڵناداتەوە.
بێگومان ئەمە دەبێتە جەنگێکی ئەتۆمی گشتگیرو ئیسرائیلیش بێدەنگ نابێت، هەر بۆمی ئەتۆمەو وەڵامی بۆمبی ئەتۆم دەداتەوەو شار لە دوای شار وێران دەکرێن و جیهان پێی دەخزێتە شەڕێکەوە کە سەرەتای دیارە بەڵام کۆتاییەکەی نا. بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا ئەگەرێکی دوورەو چاوەڕێ ناکرێت لە هیچ بارێکدا رووبدات.