لە زارى خۆیانەوە

ئیسرائیل و ئێران شەوى رابردوو چیان لە یەکترى کرد؟

964

وریا فەتاح

شەوى رابردوو، سوپاى پاسداران شەپۆلی سێیەمی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر چەندین پێگەی ئیسرائیل ئەنجامدا، لە هێرشەکاندا، 10 کەس کوژران و 200 برینداریش هەیە.

سوپای ئیسرائیل ئەم بەیانییە ئامارى هێرشەکانى شەوى رابردووى بڵاوکردەوە و ئاشکراى کردووە، تیمەکانی لیوای گەڕان و رزگارکردنی سەر بە فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ، بەردەوامن لە کارکردن لە شوێنی بەرکەوتنی مووشەکێکی بالیستیی ئێرانی لە شاری بات یام.

10 کوژرا و 200 بریندار

وەک باس کراوە، بەهۆى کەوتنە خوارەوەى موشەکێک لە بات یام، شەش کەس کوژراون و 100 کەسیش بریندارە و تائێستاش چارەنووسى نزیکەى 20 کەس نادیارە.

هاوکات، لە شاری تەمرا لە باکوورى ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەکییەکە بۆ چوار کەس بەرز بووەوە

وەک ئەوەى میدیاى ئیسرائیلى ئاشکراى کردووە، بەگشتى 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 200 کەس بریندارن و ژمارەیەک بێسەروشوێنبوو هەیە.

هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێران، دەستپێکردنی شەپۆلی سێیەمی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر چەندین پێگەی ئیسرائیل راگەیاند.

وەک سوپاى پاسداران باسى کردووە، هێرشەکان چەندین ناوچەی جیاوازیان لە قوڵایی خاکی ئیسرائیلدا کردووەتە ئامانج.

ئاشکراشى کردووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران سەرکەوتوو بووە لە رێگریکردن و تێکشکاندنی 3 مووشەکی کروز، 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان فڕۆکەی بچووکی سیخوڕی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە پێکدادانیان تێدا روویداوە، بەڵام ئەمانە هیچیان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

ئەم بەرەبەیانیشە، جارێکى تر سوپاى ئاسمانى ئیسرائیل، هێرشى موشەکى کردە سەر شارى کرماشا، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو هێرشە باس نەکراوە.

ئەوە جگە لەوەى شەوى رابردوو، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئێران و کۆگاکانی سووتەمەنی.

"شەڕی ئێران و ئیسرائیل نەخشەى هێزە سیاسییەکانى عێراق دەگۆڕێت"