بە سەدان كەسيش نەشتەرگەرییان بۆ كراوە

لە جەژنی قوربان بە هەزاران كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی سلێمانیان كردووە

964+

محەمەد فاتیح

بە هەزاران كەس لە رۆژانی جەژنی قوربان سەردانی نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانیان كردووە و بە سەدان نەشتەرگەریش لەو نەخۆشخانانە ئەنجام دراون.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویكردەوە لە رۆژانی جەژنی قوربان 2,748 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە و 688 نەخۆش داخڵ كراون و 316 نەشتەرگەری فریاكەوتن و كتوپڕ و 61 نەشتەرگەری تر كراوە، هەروەها 7,715 پشكنینی تاقیگەیی و 404 سۆنەر كراوە و 113 شووشتنەوەی گورچیلە و 19 قەستەرە ئەنجام دراون.

دەشڵێت، “397 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركارییان كردووە لە شاری سلێمانی و 84 نەخۆش داخڵ كراون و 82 منداڵ لەدایكبوون كە 52 منداڵیان كوڕ بوون و 30 منداڵیان كچ بوون، لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان 2,250 منداڵی نەخۆش بینراون و 244 منداڵ داخڵ كراون”.

وتيشى، “هەر لە رۆژانی جەژنی قوربان 650 نەخۆش لەبەشە جیاجیاكانی نەخۆشخانەی هیوا بینراون و پشكنین بۆ 431 نەخۆش كراوە و 16 تووشبووی نوێ تۆماركراوە، لە نەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەری جوانكاری 157 نەخۆش سەردانیان كردووە و 9 نەخۆش داخڵ كراون، هەروەها لە سەنتەری گورچیلەی دەستكرد 172 نەخۆش سەردانیان كردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، 10 نەخۆش لەنەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە داخڵ كراون”.