لەبێ ئاوی 7850 خوێندکار رەوانەی ماڵ کراونەوە

کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی داخرا

964+

دیلان محەمەد

بەهۆی نەبوونی ئاو، کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی داخرا، خوێندکارانیش بەرپرسان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کەمتەرخەمیان کردووە.

ماوەی چەند رۆژێکە نەتوانراوە ئاوی خواردنەوە بۆ کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی دابینبکرێت، ئەمەش بەرپرسانی زانکۆکەی ناچارکرد کە خوێندکارانی کەمپەکە رەوانەی ماڵەوە بکەن و دەرگای کەمپەکەش دابخەن.

د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.2.2023 لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد ماوەی دوو رۆژە بەهۆی گرفتێکەوە لەگواستنەوەی ئاو بۆ کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی دروستبووە، بۆڕی گواستنەوەی ئاو شکاوە و تائێستا چارەسەر نەبووە.

“هەر بەو هۆیەوە ئەمرۆ پێنجشەممە کرایە پشوو”. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وای وت.

بۆڕی گواستنەوەی ئاو شکاوە و تائێستا چارەسەر نەبووە

کەمپی زانکۆی سلێمانی حەوت هەزار و 850 خوێندکاری تێدایە، بەهۆی بڕیارەکەوە هەموویان چۆڵیان کردووە.

نەژاد حوسێن، بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی964ـی وت، دوێنێ چوارشەممە بەھۆی کارکردن لەپڕۆژەیەکی یەکتربڕین باخی بەختیاری یەکێک لەبۆریەکانی زانکۆی سلێمانی شکا بوو، بەو ھۆیەوە ئاوی گەرم و ھەوای گەرم لەناو بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاراندا نەبوو.

وتیشی “هەر شەوی رابردوو کێشەکە چارەسەر کرا، بەڵام لەبەر نەبونی ئاوی گەرم و کار نەکردنی سیستمی گەرمیەوە خوێندکاران سەرپشکران کە بۆ ئەمڕۆ نەچنەوە بۆ دەوامی زانکۆ”.