جیاوازییەکە چییە؟

قوربانى لە ئێستا و رابردوودا

964+

محەمەد فاتیح

لە دوایین رێكارەكان بۆ بەرگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بە تایبەتی تای خوێنبەربوون، لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان رێگە نەدرا هاونیشتیمانیان لە كۆڵان و سەرشەقامەكان قوربانی بكەن، لەكاتێكدا لە سەردەمی پێشوو بەبێ‌ ترس و دڵەڕاوكێ‌ قوربانی لەناو ماڵ و كۆڵانەكان دەكرا.

لە ساڵانی نەوەدەكان و پێشووتر خەڵك لە ناو ماڵ و لە كۆڵانەكان قوربانیان دەكرد و هیچ كێشە و گرفتیەكیان نەبوو، دەنگوباسی توشبوون بە نەخۆشی بە هۆی قوربانیەوە هەر لە ئارادا نەبوو، بەڵكو خەڵك وەك شیفا و بەركەت روویان تێدەكرد و زۆر جار مەڕوماڵات لە كۆڵانەكانەوە تێپەڕدەبوون و لەبەر دەرگاكەت یان لەناو حەوشەی ماڵەكەت بۆتیان سەردەبڕی، هەر تەنانەت چەند ساڵێكیش پێش ئێستا رێگەپێدرابوو لە كۆڵان و ماڵەكان و شەقامەكاندا قوربانی بكرێت و قوربانییەكی زۆر دەكرا، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای رێكاری خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون نەناردنی موچەش لە بەغداوە كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر كەمبوونەوەی قوربانیكردن لە كوردستان.

لەئێستادا نەك هەر تێپەڕبوونی بە كۆڵانەكاندا، بەڵكو سەربڕینیشیان لە كۆڵان و شەقامەكاندا قەدەغەیە و پێویستە قوربانی لە سەربڕخانەكاندا بكرێن و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی تایبەت بە 964ـی وت “تەنها دەبێت لەسەربڕخانەكان قوربانی بكرێت كە شوێنێكی فەرمی و رێگەپێدراون و لەژێر چاودێری پزیشكیدا ئاژەڵەكان سەردەبڕدرێن چونكە نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەگوازرێتەوە و مەترسیدارە”.

دەشڵێت، “داوا لە هاوڵاتیان دەكەین پابەندی رێنماییەكان بن و ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان بكەنە قوربانی چونكە نەخۆشی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە و ئەوانەی تووشیان دەبێت لە سەدا 50 بۆ 60 ئەگەری مردنیان هەیە”.

جەژنی قوربان جەژنێکە تایبەتە بە موسڵمانان كه لە چوار رۆژ پێکدێت و موسڵمانان تێیدا گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن و بە چکلێت و شیرینی تریش دەمی یەکتر شیرین دەکەن.

حاجیان لەو رۆژە لە کێوی عەرەفە دەوەستن، کە گرنگترین پایەی حەجە و جیاوازیکەری نێوان حەج و عەمرەیە و لە بەیانی ئەو رۆژە موسڵمانان دەچن بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەژن و دەست دەکەن بە تەکبیر لێدان و ئەو رۆژە لە وڵاتانی موسڵمانەکان دەبێتە پشووی فەرمی و قوربانیکردنیش دەکەوێتە دوای تەواوی بوونی نوێژی جەژنەوە.

چیرۆکى جەژنی قوربان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، كاتێك پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) لە رێگای سروشێکی ئاسمانییەوە فەرمانى پێگەیشت كه کوڕە تاقانە و خۆشەویستەکەی، ئیسماعیل، بکاتە قوربانی و سەری ببڕێت وپێغەمبەر ئیبراهیم، بە دڵێکی پڕ لە ئیمانەوە، ئەم فەرمانەی بە ئیسماعیلی کوڕی ڕاگەیاند و ئیسماعیلیش بەوپەڕی ئارامگری و ملکەچبوونەوە وتی: “باوکە گیان، ئەوەی فەرمانت پێکراوە جێبەجێی بکە، ان شاء الله من لە ئارامگران دەبینیت”.

ئیبراهیم چەقۆکەی تیژ کرد، بەڵام ڕێک لەو ساتەدا کە باوەڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی، ڕەحمەتی بێسنووری خوا دەرکەوت! فریشتەیەک دابەزی و بەرانێکی وەک بەدیل هێنا تا لە جیاتی ئیسماعیل سەریببڕێت.

هەر بۆیە جەژنی قوربان، جەژنی زیندووڕاگرتنی ئەو باوەڕە پۆڵایینە و ئەو فیداکارییە مەزنەیە و قوربانیکردن نیشانەی سوپاسگوزاری و ملکەچبوونە بۆ خوا، وە دەرفەتێکە بۆ بەخشین و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیانە.