یەکەم قوربانى جەنگەکە

کۆشکى سپى تێسلا سوورەکەى سەرۆکى خستە مەزادەوە

964+

وریا فەتاح

وادیارە ئەو ئۆتۆمبێلەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی 3ـى ئەمساڵ دەستی کەوت بۆ ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ ئیلۆن ماسک نیشان بدات، یەکەمین قوربانى هەڵوەشاندنەوەى دۆستایەتى و برایەتى ترەمپ و مەسکە.

تێسلاکە رەنگى سورە و مۆدێلى Sـە و  هیچ کێشە و گرفتێکى نییە و بەشەرتى گێڕو مەکینە، خاوەنەکەى پەشیمانە و توڕە بووە، بۆیە دەیەوێت بیفرۆشێت.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و بە نیۆرک تایمزى وتووە، کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای دەمەقاڵێیەکی توندی گشتی لەنێوان سەرۆک ترەمپ و ئێلۆن مەسک، سەرۆک بڕیاری داوە ئەو تێسلا سوورەی کە لە مانگی ئادار کڕیبووی، بیفرۆشێتەوە.

لە رۆژى چوارشەممەى رابردووەوە بەدیاریکراوى، گرژى لە نێوان ترەمپ و مەسک دروستبوو، دوێنێ گرژییەکە هەموو دنیا پێى زانی و چەندین تویت و قسەیان لەسەر یەکترى کرد، مەسک پێى وایە،”ترەمپ نەزانە و بە سەپاندنى باج لەسەر ئۆتۆمبێلى کارەبایى، ئەمەریکا بەرەو تاریکى دەبات”، ترەمپیش دەڵێت،”مەسک، زەرەر دەکات بۆیە دژیەتى”.

ماوەى هەنگوینى ترەمپ و مەسک تاڵى تێکەوت

ماوەى هەنگوینى ترەمپ و مەسک تاڵى تێکەوت

پێشتر ترەمپ و مەسک کە یەکێکیان سەرۆکى کاریگەرترین وڵاتى دنیایە و ئەوەى تریش دەوڵەمەندترین پیاوى دنیایە، هاوڕێیەتییەکى باشیان بۆخۆیان بنیادنابوو و موو لە نێوانیانەوە دەرنەدەچوو، بەتایبەت دواى ئەوەى مەسک لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمەریکادا دەرگاى قاسەکەى بۆ ترەمپ کردەوە و 275 ملیۆن دۆلارى بۆ بانگەشەکەى خەرج کرد و دواتر بۆ ماوەى 130 رۆژى لە حکومەتەکەى ترەمپدا بەرپرسیارێتییەکى وەرگرت بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکانى دەوڵەت، ئەوە جگە لەوەى ترەمپیش ناوە ناوە، پۆستێکى دەکرد و بەشان و باڵى ئیلۆن مەسیکیدا هەڵدەدا هەر بۆیەش لە مانگى 3ـى ئەمساڵ وەک ریکلامێک بۆ تێسلاکەى مەسک، ترەمپ ئۆتۆمبێلێکى تێسلاى سورى کڕى.

بەپێى قسەى بەرپرسانى کۆشکى سپى، ترەمپ توڕەیە و پەشیمان بووەتەوە لە کڕینى ئەو ئۆتۆمبێلە، هەربۆیە دایناوە بۆ فرۆشتن، هەرچەندە نرحەکەى 80 هەزار دۆلارێک دەبێت، بەڵام کوردەوارى خۆمان ئەگەر مامەڵەى لەگەڵ بکەى بە کەمتریش دەیفرۆشێت.

بەگشتى ئێستا چاوەکان لەسەر ترەمپ و مەسکن، جیهان چاوەڕێیە گرژییەکانى ئەم دوو زەبەلاحە بە کوێ دەگات، خۆ رەنگە تێسلا سورەکە یەکەمین قوربانى نەبێت و شتى ترى بەدواوە بێت.

ترەمپ بوو بە سەرۆک کەچى ئیلۆن مەسک قازانجى کرد

ترەمپ بوو بە سەرۆک کەچى ئیلۆن مەسک قازانجى کرد