سبەى روون دەبێتەوە

تەکنیکە نوێیەکە ئیشى خۆى کرد؛ بۆ دۆزینەوەى ئۆتۆمبێلەکە سەرەداوێکى بەدەستەوەدا

ئاکام غەفور- سۆران

ئەو تەکنیکە نوێیەى بۆ دۆزینەوەى ئۆتۆمبێلە ژێر ئاوکەوتووەکەى گەلى عەلى بەگ تاقیکرایەوە، سەرەداوێکى بەدەستەوەداوە و بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى سۆرانیش دەڵێت: سبەى لەسەر بنەماى ئەو ئاماژانەى هەن، کارى گەڕان دەکەن.

ئەمڕۆ نۆیەم رۆژی گەڕانی تیمەکانی بەرگری شارستانییە بەدوای ئۆتۆمبێل و تەرمی منداڵەکانی ناو رووداوی گەلی عەلی بەگ لە سنووری ئیدارەی سۆران، هاوکات ئەمڕۆ تیمێکی ئەندازیارى گەیشتنە شوێنەکە و تەکنیکێکى نوێیان تاقى کردەوە.

تەکنیکێکی نوێ کە هاوشێوەی سۆنەرە، لە قۆڵى شەش مەتر ئاو بۆ رووبەرێکى زۆر، دەتوانێت ئۆتۆمبێل و پارچە ئاسنى سەروو 500 کیلۆگرامى، بدۆزێتەوە.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی راگەیاند، تەکنیکە نوێیەکە ئاماژەى داوە و تەنێکى هەستپێکردووە، سبەى هەوڵ دەدەن بە ئامێرێکى تایبەت بچنە خوارەوە بۆ ئەو شوێنەى ئاماژەکەى تێدایە کە ئەوەش بە ئامێرى پێشکەوتوو دەکرێت کە بڕیارە لە هەولێرەوە بۆیان بچێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح