"فشارمان لەسەرە و خەریکە بەلاڕێدا دەبرێت"
کەیسی ئەو ژنەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا دوای ساڵێک بێ ئەنجام ماوەتەوە
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کەیسی شیلان ئیسماعیل، ئەو ژنەی ساڵی پار لە نەخۆشخانەی زاخۆ گیانی لەدەستدا دوای ساڵێک یەکلایی نەبووەتەوە و کەسوکاری گلەییان لە کەمتەرخەمی و پڕۆسەی دادگاییکردنەکە هەیە.
روژی 1.5.2025 ژنێکی تەمەن 38 ساڵ بەناوی شیلان ئیسماعیل بۆ نەشتەرگەری برایە نەخوشخانەی لەدایکبوونی منداڵانی زاخۆ، کەسوکاری دەڵێن، لەکاتی نەشتەرگەری لەبری خوێنی لە جۆری +B خوێنی جوری +Aـی پێدراوە، بۆیە دۆخی تەندروستی تێکچووە و دوای 18 روژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
دواتر کەسوکاری شیلان سکاڵایان تۆمارکرد و پاش پێکهێنانی لیژنەیەک لەلایەن تەندروستییەوە، دەرکەوت نۆ کەس کەمتەرخەم بوونە و بەڵگەکانیش لای کەسوکاری ئەو ژنە پارێزراون.
ئەمرۆ دووشەممە 18.5.2026 کەسوکاری شیلان ئیسماعیل گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی، حاجی یاسین گولی برای هاوسەری شیلان بە 964ـی وت، “ساڵێک و 18 رۆژ تێپەری، هێشتا هیچ رێکارێکی یاسایی بەرامبەر کەمتەرخەمەکان نەگیراوەتەبەر، فشار لەسەر ئێمە و دادگاش هەیە، بۆیە دادگاییەکە بەڕێوەناچێت و دوادەکەوێت”.
سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ سیهاد ئیسماعیل، پارێزەری دۆسیەکە کرد، ئەو وتی، “دۆسیەکە بەشێوەیەکی ئاسایی کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام کەسوکاری شیلان لەبەر ئەوەی ئازاری زۆریان چەشتووە، هەست دەکەن کەیسەکە بەلاڕێدا براوە، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە کۆڵ نادەین تا کەسانی کەمتەرخەم سزای خۆیان وەردەگرن”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری