له‌پێناو پاراستنى ژیانى هاوڵاتیانه‌

لە هەریمی کوردستان رێكار و رێنماییەكانی سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قوربان بڵاوكرایه‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم رێكار و رێنماییەكانی سەربڕینی ئاژەڵى لە جەژنی قوربان بڵاوكرده‌وه‌ و ئامانج لێى رێگریكردنه‌ لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون.

رێكار و رێنماییه‌كان له‌لایه‌ن بەرێوەبەرایەتی گشتی سامانى ئاژەڵ و ڤێتێرنه‌رى و بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ئاژەڵى ئه‌م وه‌ازره‌ته‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی قوربانیكردن بە شێوازێكی تەندروست، هۆكارى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م رێكارانه‌ى وه‌زاره‌ته‌، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و جەختیش دەكاتەوە كه‌ پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانەی فەرمی سەرببڕێن.

–      لە رۆژانی جەژنی قوربان سەربڕخانەكان كراوە بن بە ئامادەبوونی ستافی پزیشكی و كارمەندی ڤێتێرنەری .

–      ناوی سەربڕخانە كراوەكان و كاتی كاركردن لە میدیاكان و یەكە ئیداریەكان رابگەیەنرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاگاداربن و ئاژەڵەكانیان لەم سەربڕخانانە سەرببڕن.

–      جەختكردنەوە و توند و تۆڵكردنەوەی رێكارەكانی پشكنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی ئاژەڵ و پشكنینی گۆشتی بەرهەم هاتوو.

–      پەیڕەوكردنی  رێنماییەكانی خۆپارێزی و پاكوخاوێن راگرتنی سەربڕخانەكان و دەوروبەری سەربڕخانەكان وە رشاندنیان بە دەرمانی تایبەت.

–      پێویستە ئاژەڵەکە ساغ بێت و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت.

–      هەر ئاژەڵێك دەرمانی چارەسەركردنی پێدرابێت نابێت راستەوخۆ سەرببڕدرێت، بەڵكو پێویستە كاتی سەڕبڕین دوای بەكارهێنانی دەرمان بە پێی رێنمایی پزیشكی ڤێتێرنەری و تایبەتمەندی دەرمانەكە بێت.

–      پێویستە لەسەر خاوەن ئاژەڵ پێش فرۆشتنی ئاژەڵەكانی (بۆ سەربڕین یان قوربانیكردن) بە ماوەی نزیكەی سێ هەفتە هیچ جۆرە دەرمانێك نەدات بە ئاژەڵەكان و هۆڵی بەخێوكردنی ئاژەڵەكان بەدەرمانی تایبەت بڕشێنێت و چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەكانی بكات.

–      پێویسە لەسەر كەسی قوربانیكەر (قەصاب و هاوڵاتی) بە گرتنەبەری گشت رێكارەكانی خۆپارێزی و پاك وخاوێنی لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆشت ئامادەكردن بەتایبەتی بەكارهێنانی دەستكێش جزمەو صدریە ….هتد, و دووركەوتنەوەی هاوڵاتیان لە كۆبونەوە لەدەوروبەری ئاژەڵ لەكاتی سەربڕین.

–      هەروەها شوشتن و تەعقیمكردنی شوێنی سەربڕین ، دەست و كەلوپەلەكان دوای بەكارهێنان و دەست دان لە گۆشت.

–      بەكارهێنانی كیسی (نایلۆن) نوێ و روون و بێڕەنگ لەكاتی دابەشكردنی گۆشت.

–      لەكاتی گواستنەوەی گۆشت رەچاوی پلەی گەرمی گونجاو بكرێت.

–      هەڵگرتنی گۆشت بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لەساردكەرەوە، پاشان بەكاربهێنرێت.

–      فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین و ئاژەڵ لە سەر شەقام و كۆلان و بازارەكان ..هتد.