حەشارگەکانی داعش خاپوور کران
ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە پردێ؛ ئەفسەرێکی دژە تیرۆر کوژرا
964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک
دوا بەدوای کوژرانی چەکدارێکی رێکخراوی داعش لە سنووری پردێ، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانی لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و لە دووەم رۆژی کێوماڵکردنەکەدا ئەفسەرێکی دژە تیرۆری عێراق لە رووبەڕوبوونەوەیەکدا کوژرا.
سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراقی بە 964ـی راگەیاند؛ “ئێوارەی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16، شەش جار سنوورەکانی گوندی (قەرەسالم، دەرماناو و چیای جەرمۆک)یان بۆردومان کرد.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، دەستبەجێ دوای بۆردومانەکان ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی هاوبەش بە بەشداری هێزەکانی فەوجی کەرکوکی دژە تیرۆری عێراق، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و پێنج راوێژکاری سەربازیی فەرەنسی لە ناوچەکەدا دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ، لە دووەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئەفسەرێکی دژە تیرۆری عێراق بە ناوی “حەسەن خزەیر” لە کاتی رووبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ چەکدارانی داعش لە گوندی دەرماناو کوژرا، کەمێک لەمەوبەریش فڕۆکە جەنگییەکانی F-16ی عێراقی گەڕانەوە و چەند جارێکی دیکە هەمان سنووریان بۆردومان کردووەتەوە.
هاوکات، بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی دەست 964 کەوتوون؛ لە ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێدا دوو حەشارگەی چەکدارانی داعش بە تەواوی خاپوور کراون و سەرجەم ئەو چەکدارانەی لە ناویدا بوون کوژراون، بەڵام بەهۆی سەختی و دژواریی جوگرافیای ناوچەکەوە، هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی حەشارگەکان.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح