پارتەکەی هەڵوەشاندەوە

ئەحمەد داودئۆغڵو وازهێنانی لە سیاسەت راگەیاند

964+

وریا فەتاح

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وازهێنانی یەکجاریی لە کاری سیاسی راگەیاند و پارتەکەشی بە فەرمی هەڵوەشاندەوە.

لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ 29ی تەممووزی 2026 بڵاویکردووەتەوە، داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمی سیاسی لە تورکیا گەیشتووەتە بنبەستێکی گەورە. هۆکاری کشانەوەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی نایەوێت ببێتە بەشێک لەو “ژینگە سیاسییە پیسبووەی” کە دروست بووە.

داودئۆغڵو، کە پارتەکەی لە کۆتایی ساڵی 2019 دامەزراندبوو، روونیکردووەتەوە کە ئەم بڕیارەی بە واتای تەسلیمبوون نایەت، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە مانا و بەهای سیاسەت.

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرچەندە لە سیاسەتی حزبی کشاوەتەوە، بەڵام لە بوارەکانی زانست، پەروەردە، دیپلۆماسی و ئابووریدا لە کارکردن و پێشکەشکردنی دیدگاکانی بەردەوام دەبێت.