وەک رێزلێنانێک

پەیکەری دامەزرێنەری کوردناسیی رووسیا لە هەولێر و هەڵەبجە دادەنرێت

وریا فەتاح

بڕیارە وەک رێزلێنانێک بۆ خزمەتەکانی لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردیدا، پەیکەری زانا و دامەزرێنەری کوردناسیی رووسیا، پرۆفیسۆر دکتۆر (ئۆربێل جۆزێف ئەبگارەڤیچ) لە شاری هەولێر دابنرێت و کۆپییەکی پەیکەرەکەش لە شاری هەڵەبجە جێگیر بکرێت.

پڕۆژەی دروستکردن و دانانی ئەم پەیکەرە، لەسەر پێشنیازی د. دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە رووسیا و کونسوڵخانەی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان گەڵاڵە کراوە. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم رەزامەندیی دەربڕیوە و تەواوی بودجەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی لەئەستۆ گرتووە.

وەزارەتى رۆشنبیرى لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: کاری دروستکردنی پەیکەرەکە سپێردراوە بە (هاوار عەلی مەردان)، کە هونەرمەندێکی پەیکەرسازە و لە ئێستادا قوتابیی ماستەرە لە وڵاتی ڕووسیا.

رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەم پڕۆژە هونەری و کولتوورییە، ئەمڕۆ چوارشەممە (29.7.2026) لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، و ماکسیم رۆبین، سەرکونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر راگەیەندرا.

ئۆربێل جۆزێف ئەبگارەڤیچ کێیە؟
پ. د. ئۆربێل جۆزێف ئەبگارەڤیچ، یەکێکە لە زانا ناودارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و دامەزرێنەری کوردناسییە لە شاری سانت پترسبۆرگ. ئەم کەسایەتییە ئەکادیمییە خزمەتێکی گەورەی بە مێژوو و کولتووری کوردی کردووە؛ دیارترین دەستکەوتیشی بۆ کورد، کردنەوەی بەشی کوردی بوو لە پەیمانگای دەستنووسە رۆژهەڵاتییەکان لە شاری لینینگراد لە ساڵی 1959.

لە رووی بنەچەی خێزانییەوە، باوکی ئۆربێل ئەرمەنی بووە و دایکیشی سەر بە میرەکانی (دەڵگەڕووکی)ـە، کە بەپێی لێکۆڵینەوەی بەشێک لە زانا و مێژوونووسان، ئەو بنەماڵەیە بە بنەچە کوردن.