گەنجینەیەکى گەورە لە دوکانێکى بچوکدا
وێنەگرێکی زاخۆ ئەرشیفی 60 ساڵەی خەڵکی شارەکەی دەپارێزێت
هێژا عەباس
عادل عەبدوڵا، وێنەگرێکی دێرینی شاری زاخۆیە، زیاتر لە نیو سەدەیە خەریکی پیشەی وێنەگرییە و ئەرشیفێکی گەورەی فیلمی رەش و سپیی خەڵکی شارەکەی پاراستووە کە مێژووەکەیان بۆ 60 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
عادل عەبدوڵا بۆ 964 باسی لە سەرەتای کارکردنی کرد و وتی: “لە ساڵی 1979 کاتێک هاتم بۆ ئەم ستۆدیۆیە، هیچم لە وێنەگرتن نەدەزانی. وەک کارمەندێک لای (وەستا مەنسور ئەدهەم عەلی) دەستم پێکرد، کە یەکەمین و کۆنترین وێنەگری زاخۆ بوو، ئەو لە ساڵی 1939ـەوە بە کامێرای سندوقی وێنەی خەڵکی زاخۆی دەگرت.”
ئەو وێنەگرە دێرینە باس لە سەختییەکانی پیشەکەی دەکات لە رابردوودا و دەڵێت، لەو سەردەمەدا هیچ تاقیگەیەک بۆ شتنەوەی فیلم لە زاخۆ نەبووە، بۆیە ناچار بوون سێلولۆیدەکان (فیلمەکان) ببەنە شاری موسڵ. دواتر لە ساڵانی هەشتاکاندا تاقیگە لە دهۆک کرایەوە، تا دواجار لە ساڵی 1995 زاخۆش بووە خاوەنی تاقیگەی خۆی.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بواری وێنەگرتن، عادل عەبدوڵا روونیکردەوە: “تا ماوەیەک دوای راپەڕینیش سەرجەم وێنەکان رەش و سپی بوون، پاشان فیلمی نوێ هات و توانیمان وێنەی رەنگاوڕەنگ بگرین، بەڵام لە دەوروبەری ساڵی 1998 وردە وردە کامێرای دیجیتاڵی شوێنی بە کامێرای فیلم چۆڵ کرد و تاوەکو ئێستاش هەر بە دیجیتاڵی کار دەکەین.”
ئەوەی ئەم ستۆدیۆیە لە شوێنەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو ئەرشیفە زەبەلاحەیە کە مام عادل پاراستوویەتی. خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت: “ماوەی 60 ساڵە هەموو ئەو فیلمانەمان هەڵگرتووە کە هەزارەهان فیلمن و سەرجەمیان رەش و سپین. مێژووی هەندێک لە وێنەکان بۆ 30 تا 60 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.”
ئێستا ئەم ستۆدیۆیە بووەتە جێگەیەک بۆ زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکان، وەک مام عادل ئاماژەی پێ دەدات: “زۆرجار خەڵکی دێن و داوای وێنەی نیو سەدە پێش ئێستای باوک و باپیرانیان دەکەن، لەبەر ئەوەی ناو و مێژووی سەرجەم وێنەکانم لای خۆم بە وردی تۆمار کردووە، دەچەم لەناو ئەرشیفەکە فیلمەکانیان بۆ دەردەهێنم و وێنەکانیان پێ دەدەمەوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح