پۆلیسی هاتوچۆ دەستوبردی لێکرد و دەستی بەسەرداگرت
ئۆتۆمبێلێک بەنمایشکردن نەخۆشانی نەخۆشخانەیەکی هەولێری هەراسان کرد
شۆڕش قادری
رۆژانە دەبینین هەندێک کەس بە نمایشکردن و سوڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر کوچە و شەقامەکان خەڵکی بێزار دەکەن، شۆفێرێک بەوەش رازی نەبووە، چووەتە بەردەم نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر و نەخۆشەکانی هەراسان کردووە، پۆلیسی هاتوچۆش دەستوبردی لێکرد و دەستی بەسەرداگرت.
هێمن حەمەئەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گرتەڤیدیۆی نمایشکردنی ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ 964 نارد و وتی، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2.6.2025 ئەو ئۆتۆمبێلە چووەتە بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا و بەنمایشکردن نەخۆشەکانی هەراسان کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەرێی کامێراکانی چاودێرییەوە ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەرداگرتووە.
هێمن حەمەئەمین وتیشی، هەر کەس و لایەنێک بەوشێوەیە لەسەر کوچە و شەقامەکان هاوڵاتیان ئیزعاج بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت و رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.