"مۆلیدەیەک لەو نزیکانە بووە"

ئاگرەکەی تانجەرۆی سلێمانی کوژێنرایەوە؛ بەنزین بوو سووتا

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

ئاگرەکەی تانجەرۆی سلێمانی کوژێنرایەوە و جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، بەنزین بوو سووتا.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17.10.2026 ئاگرێک لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی لە شوێنە رووداوەکە بە 964ـی وت، تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئاگرکوژێنەوە زوو گەیشتوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.

“سێ کەس تەنگەنەفەس بوون و هەرزوو چارەسەر کراون، زیانی گیانی دیکەی نەبووە”، شاهۆ عوسمان وای وات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە نزیکی چاڵی سووتەمەنەییەکە مۆلیدەیەک هەبووە، جارێ نازانراێت هۆکاری ئاگرەکە ئەو مۆلیدەیە بووە یان بۆری گیران، دواتر تیمەکان لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەکەن و هۆکاری سەرەکەیی ئاگرەکە ئاشکرا دەکەن.

شەوی 17 لەسەر 18ـی مانگی 8ـی ئەمساڵ ئاگرێکی گەورەی دیکە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە، بەهۆیەوە کرێکارێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا و نزیکەی 40 کەسیش برینداربوون، جگە لەوەش ئاگرەکە زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە و نزیکەی سێ ملیۆن لیتر بەنزین و سووتەمەنی کرد بە هەوادا و سووتا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری