دیمەنی چەند عەدادێکی بەنزینخانە.
90٪ـی داهات بۆ حکومەت دەبێت
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چاودێریی بەنزینخانەکان چڕدەکاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک بڕیارى بۆ چاودێریکردنى بەنزینخانەکان و کوالێتىی بەرهەمە نەوتییەکان دەرکردووە و %90 ی داهاتى سەرپێچییەکان بۆ گەنجینەی حکومەت و 10٪ـیشی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانى نەوت و کانزاکان دەبێت.
لە نوسراوێکدا کە رۆژی 27ـى ئایارى 2025 دەرچووە و واژۆى کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەتى لەسەرە، ئاماژە بەوەکراوە، بڕیاردراوە بە دیاریکردنى سزاى سەرپێچى بۆ بەنزینخانەکان، بۆ پاراستنى کوالێتیى بەرهەمە نەوتییەکانى بەنزین، گازوایل و نەوتى سپى کە پێویستە کوالێتییەکەیان بەگوێرەى تایبەتمەندییە جیهانییەکان بێت، بە پێچەوانەوە بە سەرپێچى هەژمار دەکرێت.
هاوکات، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان داوایکردووە، سەرجەم خاوەن بەنزینخانەکان لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى نەوت و کانزاکان لە ناوەڕۆکى سزاکان ئاگاداربکرێنەوە.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، ئەوەشى دووپاتکردووەتەوە %7ـى سزاى سەرپێچى بەنزینخانەکان، بۆ کڕینى کەلوپەلى ئەو تاقیگانەى بە بەردەوامى پشکنینى بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن خەرجدەکرێت و 3٪ سزاى سەرپێچییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان و نەوت و کانزاکان خەرج دەکرێت.
لەبارەی بڕیارەکە، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، “بەردەوام وەزارەت رێنمایی نوێی هەیە بۆ بەنزینخانەکان، چاودێری دەکرێن و ئێمە پێمان خۆشە و هاوڕاین لەگەڵیان”.