بڕیارەكەتان پێچەوانەی دەستووری عێراقە

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی بەغدای دایەوە

964+

محەمەد فاتیح

ماوەی دوو رۆژە نووسراوەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كە دەڵێت ئیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرین، هاونیشتمانیانی هەرێمی نیگەران كردووە و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش وەڵامی تەیف سامی دەداتەوە.

بەپێی نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم، کە بە عەرەبی نووسراوە و ئیمزای ئاوات جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیارەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بۆ راگرتنی ناردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە و دەڵێن نووسراوەكەیان زۆر دوورە لە راستییەوە و بابەتەكانیان شێواندووە.

دڵنیاییش دەدەن، پاڵپشت بە بڕگەكانی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی و یاسا كاربەرەكان و ئەو رێكەوتنانەی لە نێوانیاندا كراوە، پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بەردەوام بێت لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكەی دەوڵەتی عێراق و دووربكەوێتەوە لە دروستكردنی ئاستەنگی نادەستووری لە بەرامبەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له 28.5.2025 به نووسراوێكی فەرمی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ئاگاداركردەوە، گوایه‌ ته‌رخانكراوی دارایی هه‌رێم له‌ یاسای بودجه‌ی سێ ساڵیی كۆتایی هاتووه‌ و هه‌موو داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی هه‌رێمی بۆ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 حساب كراوه‌ و چیتر ناتوانن موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرنن.