"چاره‌نووستان هه‌ر سووتانه‌"

كه‌شتییه‌كی نه‌وتهه‌ڵگر له‌ گه‌رووی هورمزدا ته‌قییه‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

میدیاکانی ئێران ئه‌مڕۆ شەممە بڵاویانكرده‌وه‌، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕین لە گەرووی هورمزدا ​​خۆی کێشا بە مینێكی دەریایی تووشی رووداوێک بوو.

ئاژانسی تەسنیم بە پشتبەستن بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە تانکەرێکی گه‌وره‌ روویداوە و لە ئەنجامدا ئاگر کەوتووەتەوە، دوای ئەوەی تەقینەوەکە به‌هۆی مینێکی دەریایی لە گەرووی هورمزدا بووه‌.

به‌پێی راپۆراتی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ میدیاكه‌، تانکەرەكه‌ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، هەوڵی داوه‌ بە شێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی رێڕەوێکەوە کە له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ رێگەپێنەدراوە و ستراتیژییه‌، تێپەڕێت.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە راگه‌یاندراوێكدا جەختی لەوە کردەوە کە “گەرووی هورمز داخراوە، چارەنووسی ئەو کەشتییانەی یاساکانی ئێران پێشێل دەکەن، هه‌ر سووتانه‌”.