رێگای کەلار سلێمانی ئەو چیرۆکەی تەواو نابێت

کۆمپانیای جێبەجێکاری دووسایدی کەلار – دەربەندیخان هەڕەشەی راگرتنی پرۆژەکە دەکات

+964

هونەر فارس – گەرمیان

دوای راگرتنی بۆ ماوەی 15 رۆژ، پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – دەربەندیخان بە شێوەیەکی کاتی دەستی بە کار کردەوە، تەواوبوونی پڕۆژەکەش بەم شێوەیە 10 ساڵی پێویستە بە وتەی کۆمپانیاکە.

درێژیی رێگاکە 40 کیلۆمەترە و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دروستدەکرێت لە لایەن کۆمپانیای بێشکان، لە رێککەوتی 19.12.2017 دەستکراوە بە کارکردن تێیدا.

بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەییەوە پڕۆژەکە لە چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێک راگیراوە.

رابەر سەعید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە تۆڕی 964ی وت، لە ماوەی رابردوودا بانکی هەرێم لە سلێمانی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانەکانی گەرمیان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدابوو و تێدا بڕیاریاندا هەفتانە 200 ملیۆن دینار خەرج بکەن بۆ کۆمپانیاکەیان، بەڵام وەک خۆی جێبەجێ نەکرا و نزیکەی شەش ملیار دیناریان کەوتووەتە لای حکومەت.

بەڵێندەری پرۆژەکە بڕیاریدابوو ئەگەر هەفتانە پارەکەی بۆ نەکرێتە 500 ملیۆن دینار، ئەوا لە 1.2.2023 کارەکانی رابگرێت.

رابەر سەعید باسی لەوەشکرد، جارێکی دیکە بۆ کردنەوەی رێگاکە، ئیدارەی گەرمیان و بانکی هەرێم و رێگاوبانی گەرمیان، لە 1.2.2023 کۆبونەوەیەکی دیکەیان ئەنجامدا، بڕیاردرا هەفتانە 250 ملیون دینار خەرج بکرێت بۆ پرۆژەکە و لە چەند لایەکەوە بەڵێندراوە لە ماوەی مانگێک تا دوو مانگ پێنج ملیار بۆ کۆمپانیاکە خەرج بکەن.

ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرج بکەن پرۆژەکە 10 ساڵی پێویستە تەواوبێت، رابەر سەعید وا دەڵێت، ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر مانگانە ملیارێک دیناریان بۆ خەرج بکەن لە ماوەی هەشت مانگدا تەواوی دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی