چیدی رۆژانی هەینی بەهۆی "کۆنەفرۆشەکانەوە" رێگا نادرێت شەقامەکان دابخرێن
پاشماوە و زێدەڕۆییەکانی بازاڕی سورچی هەولێر لادران
ژێوار خدر
تیمەکانی شارەوانیی هەولێر بازاڕی سورچی (شێخ مستەفا)یان لە زێدەڕۆیی و پاشماوەی کۆنەفرۆشان پاککردەوە و هەموو ئەو شەقامانەشیان بۆ هاتوچۆی شۆفێران کردەوە کە پێشتر بەهۆی بێسەروبەریی بازاڕەکەوە داخرابوون.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، پێشتر رۆژانی هەینی بەهۆی دانانی کەلوپەلی کۆنە، ئاسن و پلاستیک لە ناوەڕاستی شەقامەکە، هاتوچۆ بەتەواوی پەکدەکەوت و پاشماوەیەکی زۆریش لە دوای فرۆشیارەکان دەمایەوە، بەڵام ئێستا شۆستە و شەقامەکان فراوان کراون و رەوشی پاکوخاوێنیی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
دەشڵێت، مەبەست لەم هەڵمەتە رێکخستنەوەی سیمای شار و نەهێشتنی ئاستەنگی هاتووچۆ بووە، هۆشداریش دەداتە کاسبکاران کە دەتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان، بەڵام بەو مەرجەی پابەندی رێنماییەکان بن، زێدەڕۆیی نەکەن و پاشماوەکانیان لە شەقامەکەدا جێنەهێڵن.
بازاڕی شێخ مستەفا کە بە “بازاڕی سورچییەکان”یش دەناسرێت لە شاری هەولێر، ناوەندێکی دیاری کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی بەکارهاتوو و کۆنەیە، بەهۆی قەرەباڵغییە زۆرەکەیەوە، بەتایبەت لە رۆژانی هەینیدا، هەمیشە گرفتی داخستنی شەقام و کۆبوونەوەی پاشماوەی لێ دروست دەبوو، کە ئەمەش نیگەرانیی دانیشتووانی گەڕەکەکانی دەوروبەری لێکەوتبووەوە.