پاشماوەی ئاگرەکە. فۆتۆ: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
لەگەڵ 700 دۆنم زەوی
ئاگرەکەی ناڵپارێز 200 داری سوتاندووە
ژووری هەواڵ
ئەو ئاگرەی کە شەوی رابردوو لە سنورى ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن کەوتەوە بووەتە هۆی سوتانی 200 دار زیان بە شەش باخی هاوڵاتیان کەوتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.5.2025، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئاگرێك لە سنوری ناحیەی ناڵپارێز، بە دیاری کراوی لە “ملەی نەڵمە” کەوتەوە و بەهۆی بوونی بایەکی بەهێز ئاگرەکە تەشەنەی سەند بۆ سنوری گوندی کانی سپیکە.
بنکەى پۆلیسى دارستانى ناڵپارێز، بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی قەزای پێنجوێن و دانیشتوانی سنورەکە توانیان لە ماوەیەکى کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.
هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، 700 دۆنم پوش و پاوان و 200 دار سوتاوە و زیان بەر باخی شەش هاوڵاتی کەوتووە.
هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نادیارە و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئاگرەکەیان کردووەتەوە.