قوتابخانەکانی باکووریش بگرێتەوە
له توركیا پێنج داواکاری بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانى كوردى ئاڕاستەی حکومەت کران
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له توركیا، کۆمەڵێك یاساناس داوایان له حكومه‌تى توركیا كرد به‌فه‌رمى دان به زمانى كوردى بنێت و له قوتابخانه‌كانى توركیا و باكوورى كوردستانیش له قوتابخانه‌كان وانه‌ى پێ بخوێندرێت.
یاساناسه‌كان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆرى چالاكوان له رێگه‌ى “کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی” ئه‌م داواكارییه‌یان ئاڕاسته‌ى حكومه‌تى توركیا كردووه و دا‌واشیان كردووه ناوی ئەو شوێن و جێگه و پێداویستیانه‌ش بکرێتەوە بە کوردی کە پێشتریش خۆیان کوردی بوون و دواتر به توركى کراون.
ئەمڕۆ چوارشه‌ممه لە هەریەک لە شارەکانی ئامەد، مێردین، شرنا‌خ، ئورفا لە باکوری کوردستان و مێرسین، ئەنقەرە و ئیزمیر بە دەم گوتنەوە و بەرزکردنەوەی چەندین دروشم پێنج داواکارییان بە زمانی کوردی و تورکی خستەڕوو.
داواكارییه‌كانى کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی ئه‌مانه‌ن:
– دەبێت وەک زمانی فەرمی دان بە زمانی کوردی‌دا بندرێت و بەم جۆرەیش جێگیر بکرێت.
– زمانی کوردی بکرێتە زمانی خوێندن هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ.
– دەبێت تەواوی ناوی ئەو شوێن و شتانە بکرێتەوە کوردی کە خۆیان کوردی بوون و دواتر تورکێندراون.
– دەبێت تەواوی بەربەستە یاسایی و کردەییەکانی بەردەم زمانی کوردی هەڵبگیرێن و زمانی کوردی لە هەموو شوێنێک ئازادانە بەکاربهێندرێت.
– بۆ ئەوەی ئازادانە و بە یەکجارەکی زمانی کوردی بەکاربهێندرێت، دەبێت دان بە مافی یاسایی و ستاتۆی سیاسی کورددا بندرێت.
کۆمەڵەكه له 15.5.2025 ـه‌وه ده‌ستى به چالاكی جۆراوجۆر له‌ناوچه‌كانى باكورى كوردستان و شاره‌كانى توركیا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كردوه، به‌ڵام وه‌كو له راگه‌یه‌ندراوێكیاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌م داواكاریانه‌ى ئێستایان كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ئاڕاسته‌ى حكومه‌تیان كردووه، لە کاتێکدا كه قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگاچارەی ئاشتییانە.